Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ دەربارەی ستراتیژیی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکات و پڕۆژە یاسای کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان پەسەند دەکات

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/5/5 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجامدا.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ڕەشنووسی پڕۆژەی ستراتیژیی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان ، لە لایەن سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە ڕووبەڕووبوونەوە و بنبڕکردنی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی کردەوە کە بەشێکی گرنگیی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

ئینجا وەزیری پلاندانان دارا ڕەشید ، ڕاپۆرتێکی لە بارەی داهات و خەرجییەکانی حکومەتی هەرێم و ڕێکخستنەوەیان لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران دوا ئامادەکارییەکانی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجە کرد تاووتوێ کرد کە بڕیارە لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو ، پڕۆژەکە بچێتە قۆناغی پەسەندکردن لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بنێردرێتە پەرلەمانی کوردستان.

لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا ، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای ( کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان ) پەسەند کرد.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ڕاپۆرتێکی لە سەر ڕەوشی پێکهاتەکان و چالاکییەکانی وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان خستەڕوو.