Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەکی ئەنجومەنی گشتیی ڕاژە پەسەند دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 11/22، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی گشتیی ڕاژە، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە میلاکی گشتی و هێزی کاری کەرتی گشتیى حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ژمارە و داتا و زانیاریى ورد لەسەر ئەم بابەتە و پێشنیار و چارەسەری پێویستی خستەڕوو، بە مەبەستی بە دامەزراوەییکردنی پرۆسەی دامەزراندن لە کەرتی گشتی، بە ڕەچاوکردنی پەیکەری کارگێڕی و بەڕێوەبردنی پێکهاتەی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم.
لەمبارەیەوە پێشنیار و ڕاسپاردەی پێویستی بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکات و وەزیفەی گشتی بە شێوەیەکی زانستی لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان پێشکەش کرد کە کاریگەریى ئەرێنی دەبێت لەسەر کەرتی وەزیفەی گشتی، دواتر لە نێو ڕاپۆرتەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی گشتیی ڕاژە، ئەنجامی پڕۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریى دارایی فیدراڵ و هەرێمی خستەڕوو سەبارەت بە میلاکی گشتی و ئاماژەی بەوە دا کە سەرجەم خشتە و زانیاری و ژمارەکان خراونەتە بەردەم تیمی هاوبەشی وردبینی و لە ئەنجامدا دوای وردبینی، خشتەی مووچەخۆرانی هەرێم پێشکەش بەهەردوو حکومەتی فیدڕاڵیی و هەرێم کرا کە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران.

دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکە، ئەنجومەنی وەزیران چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەکی ئەنجومەنی گشتیی ڕاژەی پەسەند کرد لەپێناوی بە دامەزراوەییکردنی زیاتری کەرتی وەزیفەی گشتی و هێزی کار لە دامەزراوەکانی هەرێم، هەروەها سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕاسپێردران کە هاوکاری ئەنجومەنی گشتیی ڕاژە بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی پەسەندکران، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچووونیش ڕاسپێردرا بۆ ڕەخساندنی هەماهەنگی بۆ ئەم مەبەستە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کارنامەکە، گفتوگۆ له‌بارەی جێبەجێکردنی چەند ماددە و بڕگەیەکی دیکەی یاسای چاکسازی کرا تایبەت بە بواری خانەنشینی کە لەلایەن عەبدولحەکیم خەسرەو سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی خرایەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی گرنگیی بەردەوامیدان بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کە پرۆسەیەکی ستراتیژیی بەردەوامە بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی لە هەرێم لە ڕێگەی بەرجەستەکردنی دادپەروەری و شایستەبوون لە سوودمەندی لە بوودجەی گشتی، لە هەمان کاتدا، ئەنجومەن جەختی لە گرنگیى جێبەجێکردنی ئەم یاسایە کردەوە کە ئامانج لێی داکۆکیکردنە لە مافەکانی مووچەخۆری شایستە کە پێویستە مافیان پارێزراو بێت.