Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیى لە هەوڵەکانی لابردنی ئەو کۆت و بەندانەی یاسای بودجەی فیدراڵ دەکات کە ڕێگرن لە بەرانبەر خەرجکردنی بەشەبودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ چوارشەممە 1/10، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمدا، ئەنجامی سەردانی ئەم حەفتەیەی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارايى و ئابوورى و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران خرایە ڕوو، کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هەمواری یاسای بودجەی فیدرال و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت و خستنەڕووی پڕۆژە و پێشنیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشکەش بە حکومەتی فیدراڵ کراوە.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندی دانوستانکاری هەرێم بۆ هەوڵەکانیان لەپێناو بەدەستهێنانی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پێشکەشکردنی زانیاریى پێویست و واڵاکردنی تۆمارەکانی دامەزراوەکانی هەرێم بۆ دەستە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری لە بواری میلاکی وەزیفی و نەوت و داهات و خەرجیيە نەوتی و نانەوتییەکان، لە هەمان کاتدا ئەنجومەنی وەزیران خۆشحاڵی دەربڕی لە بەرانبەر تێگەیشتنەکانی ئەم دواییەی حکومەتی فیدڕاڵ و بەرەوپێشچوونەکان بە ئاڕاستەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ و لابردنی ئەو کۆت و بەندانەی یاساکە، کە ڕێگرن لە بەرانبەر خەرجکردنی بەشەبودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش مووچە کە شایستەی دارایی مووچەخۆرە و دەبێت تێکەڵی کێشە و بابەتەکانی دیکە نەکرێت.
سەبارەت بە شایستە دواکەوتووەکانی مووچەی مووچەخۆرانیش، ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە هەڵوێستی خۆی دەکات کە حکومەتی فیدڕاڵ دەبێت بەرپرسیارييه‌تی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ناردنی ئەو مووچانە و چاوەڕوانیشمان لە حکومەتی فیدڕاڵە کە بۆ ئەم مانگە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات، لەم ڕووەوە بە ئەرێنییەوە دەڕوانینە هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆ هێنانەکایەی ڕێكکەوتنێکی گشتگیر، بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتيی بابەتی مووچە و بەرجەستەکردنی ئەم ڕێککەوتنە لەناو هەمواری یاسای بودجەی گشتیى فیدراڵ. ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانیش بووە وەک پابەندییەکانی، بەجێ گەیەندراوە و بەردەوامیش دەبین لە هەماهەنگی و هاوکاری بۆ ئەم مەبەستە.

لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕێکاری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە دەستنیشانکردنی قەدەخەکراویی ڕێگە گشتییەکان بۆ لابردنی زیادەڕۆیی لەسەر ڕێگە و شەقام و شوێنە گشتییەکان کرا کە لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو.
سەرەتا سەرۆکوەزیران وێڕای ڕاسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ پاراستنی ڕێگه‌ و شەقام و شوێنە گشتیيەکان وەک موڵکی گشتی لە هەر زێدەڕۆییەک کە زیان بە بەرژەوەندیى گشتیى هاووڵاتیيان بگەیەنێت بەگوێرەی ئەو ڕێکار و میکانیزمانەی لەناو یاسای پاراستنی ڕێگه‌ گشتیيەکان هاتوون.لە هەمان کاتدا داواشی کرد لە چوارچێوەی یاسادا مامەڵە لەگەڵ زێدەڕۆییەکان بکرێت. لەم ڕووەوە ئەنجومەنی وەزیران، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد موڵکی گشتی و ڕێگه‌ و شەقامەکان لە هەر زێدەڕۆییەک بپارێزن کە دژ بە بەرژەوەندیى گشتیی هاووڵاتیيانە.