Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران چاوەڕوانە لە زووترین کاتدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە

* ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ مافە ڕەواکانی جووتیارانی کورد لە کەرکووک دووپات دەکاتەوە

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی شوباتی 2025، بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران باسی لە ڕووداوی دەستدرێژیکردن و ڕێگریکردن لە جووتیارانی ڕەسەنی کورد لە سنووری شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگەی کەرکووک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم ڕەفتارە، کارێکی نادەستووریی و نایاساییە و قبوڵکراو نییە . ئێمە دژی هەموو جۆرە ستەمکارییەکین بەرامبەر جووتیاران کە خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکانیانن و دەبێت ئازادانە مافی کێڵان و سوود وەرگرتنیان لە موڵکی خۆیان و باوباپیرانیان هەبێت.
سەرۆک وەزیران، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پشتیوانیی بۆ مافە ڕەواکانی جووتیارانی خاوەنی ڕەسەنی ئەو زەویانە دووپات کردەوە و جەختیش کرایەوە کە پێویستە لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2025 کە ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ڕژێمی بەعس وگەڕانەوەی زەوی بۆ جووتیارانی خاوەنی ڕەسەنی ئەو زەوییانە پەسەندی کرد، ئیتر کۆتایی بە هەموو بەربەست و ئاستەنگێک بهێنرێت تا جووتیاران سوود لە زەویيەکانیان وەربگرن کە یاسا بۆی گەڕاندونەتەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، سەرۆک وەزیران پوختەیەکی دەربارەی بەشداریی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران و بەشداریی جێگری سەرۆک وەزیران لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی لە ڕۆژانی 11-13ی ئەم مانگە و دیدار و کۆبوونەوەکان و نوێکردنەوەی یادداشتی لەیەکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیمارات بۆ هاریکاری و هاوئاهەنگیی لە نێوان هەردوو حکومەت لە کەرتە جیاوازەکان بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە پێشکەش کرد.
ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بە پێی تایبەتمەندیی خۆیان، کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەم یادداشتی لەیەکتێگەیشتنەکە بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی دەوڵەمەند و پێشکەوتووی دامەزراوەکانی ئیمارات لە سێکتەرە جیاجیاکانی حکومەتی هەرێم.
لە بڕگەی دووەمدا، ڕاپۆرتی لیژنەی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە ڕێکخستنی ڕێکارەکانی کوالیتی کۆنتڕۆڵ و پۆلینکردنی بەڵێندەران لەلایەن لیژنەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەرێم خرایەڕوو کە بۆ ئەم مەبەستە میوانداریی کرابوون و لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا، پێشڤەچوون و بەربەستەکانیان ڕوونکردەوە.

ئەنجومەنی وەزیران لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، جەختی کردەوە لەسەر بایەخی هاوئاهەنگیی و هاریکاریی نێوان وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەندیدار بە پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆریی، ئەویش لە چوارچێوەی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستووریەکانی هەردوولا، بە جۆرێک بەڵگەنامەکانی پشکنین و کۆنتڕۆڵی جۆریی کەرەستە و کەلوپەلەکان لای هەردوولا، وەک یەک بەرکاربن و پشتیان پێ ببەسترێت و برەو بە پەیوەندی بەردەوام وهاوئاهەنگیی لە نێوان دەستەی پێوانەسازیی وکۆنتڕۆڵی جۆریی هەرێم و فیدڕاڵ بدرێت لە پێناوی گۆڕینەوەی زانیاریی و پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاست ودروستی بەڵگەنامە و بڕوانامەکانی پشکنینی هەردوو لا بۆ بەرهەمەکانی هاوردە و بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم و عێراق، بە ئاراستەی نەهێشتنی ئاستەنگەکانی گەیاندنی بەرهەم و کاڵاکانی هەرێم بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەمەش دوای پشکنین و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی و دروستیان و هەروەها سوودمەندبوونی هەرێم لە بەرهەمی ناوخۆیی ناوچەکانی دیکەی عێراق بە هەمان مامەڵە و ڕێکاری هاوشێوە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران لیژنەی هاوبەشی وەزارەتەکانی پلاندانان و بازرگانی و پیشەسازیی و ناوخۆی ڕاسپارد، کە بەردەوام بن لە پەیوەندی و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لیژنەی هاوتایان لە حکومەتی فیدڕاڵ و بەگەڕخستنی گشت هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەر و میکانیزمی هاوبەش.

لە بڕگەی کۆتاییدا، ئەنجامی کۆبوونەوەی دوێنێی هاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ خرایە ڕوو کە لە هەولێر سازکرا و تایبەت بوو بە ڕێکار و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 5 ی ساڵی 2025 تایبەت بە هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ دەربارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەم بڕگەیە لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی خۆی بۆ پێشوازیی و پشتیوانی لە جێبەجێکردنی یاسای هەمواری یەکەمی ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ، جەختی لەوەش کردەوە کە هەرێم داوا دەکات هەرچی زووە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە و ئەمەش، لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکانە، چونکە بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 ەوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە داهاتی گشتی عێراق گەیشتووە. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی ڕاسپارد، کە هەرچی زووە لەسەر ڕێکار و میکانیزمەکانی دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ لە هاریکاریی و هاوئاهەنگیی بەردەوام بن، بە تایبەتیش کە ئێستا یاساکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و ڕێگریی یاسایی لەبەردەم پرۆسەکە نەماوە و یاساکە نەخشەڕێگەی بابەتەکەی بە ڕوونی دەستنیشان کردووە.