لە نیویۆرک ، تاوتوێی ڕۆڵی هەرێم لە پڕۆسەی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش کرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕێكهوتی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، لە نیویۆرک، د.دیندار زێباری ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ باڵیۆز ریچارد میلز جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبووەوه و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد لەوانە پڕۆسەی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی شنگال، پلانی هەرێمی بو مافەکانی مرۆڤ و چەند بابەتێکی تر.
لە کۆبوونەوەکەدا د.دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردەکان باسی لە ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و ڕایگەیاند: دوای هێرشەکانی داعش ئێزیدی و گشت پێکهاتەکان کۆمەڵکوژ کران، ماڵ وموڵکیان تاڵان کرا، ئاوارە بوون . بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتیانی سڤیلی ئەو ناوچانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئاوارەکان کرد و خزمەتگوزاریی پێشکەش کردن لە هەمانکاتدا نووسینگەیەکی دامەزراند بۆ ڕزگارکردنی ڕفێندراوان و لیژنەیەکی باڵای وەزاریی پێکهێنا بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە بە مەبەستی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی ڕاگەیاند کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە پاڵپشتی هێزی هاوپەیمانان و سوپای عێراق توانییان تیرۆریستانی داعش لەناوبەرن و ناوچەکان ڕزگار بکەن و لەم پێناوەشدا نزیکەی (١٨٠٠) پێشمەرگە شەهیدبوون و (١٠٣٦٩) و بریندار و (٤٧) پێشمەرگە بێ سەروشوێنبوون.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەی لەگەڵ جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش، ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر ڕێککەوتننامەی شنگال و وتی: بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکانی ماددەی (١٤٠) بە سەرپەرشتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یۆنامی) لە نێوان حکومەتی هەرێم وحکومەتی ئیتیحادی ڕێککەتننامەی شنگال واژوو کرا، بەڵام لەبەر بوونی میلیشیای چەکداری و هێزی دەرەکی تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، بۆیە دۆخی ئاڵۆزی ئەو ناوچانە وا دەخوازێت کە لایەنە نێودەوڵەتییەکان بە ڕۆڵی خۆیان هەستن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە بۆ گێڕانەوەی ئاوارەکان و ڕێگرتن لەهەڕەشەکانی داعش.
هەماهەنگی حکومەتی هەرێم لەگەڵ یونیتاد تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو لەم بارەوە دیندار زێباری تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم و وتی: لەم بارەوە کاری زۆر کراوە سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان و بەڵگەی زۆر پێشکەش بە یونیتاد کراوە، هەروەها بە دەیان هەزار بەڵگە ئەرشیف کراوە، لەلایەکی دیکەوە بە پشتگیری یونیتاد پڕۆژە یاسایەک لە حکومەتی هەرێم پێشکەش بە پەرلەمان کراوە بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بە مەبەستی دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لەسەر ئەو تاوانە نێودەوڵەتیانەی ئەنجامیان داوە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی پڕۆژە یاسایەکە وتی: گرنگی بوونی ئەم دادگا تایبەتمەندەمان بۆ جێگری نێردەی هەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕوونکردەوە لە مەلەفی دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش، بۆیە پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش ڕۆڵی زیاتری هەبێت لە هاوکاریکردنی هەرێم و عێراق بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش کە دەگەنە ئاستی تاوان دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و جینۆساید.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ چاکسازی و پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ ولەم بارەوە وتی: سەرەڕای ئاستەنگی ئابووری و سیاسیی كه ڕووبەڕووی کابینەی نۆیەم بوونەوە، بەڵام حکومەت بەردەوامە لە پڕۆسەی چاکسازی، ئەم پڕۆسەیە هەنگاوی زۆری بڕیوە لە زۆر بواردا، لەوانە یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە و ڕێکخستنی داهات و خەرجییەکان. لەلایەکی دیکەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ڕاسپاردە نێودەوڵەتیانەی ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکرێن، پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ پەسەند کردووە کە گشت جومگەکانی حکومەت دەگرێتەوە و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی دەست پێکردووە.