Skip to the content

د. دیندار زێباری: سەرەڕای ئالنگارییەکان حکومەتی هەرێم هەنگاوی زۆری ناوە بۆ پابەندبوون بە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان

ڕۆژی 15ی ئەیلولی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان (پلانی هەرێمی کوردستانی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021-2025)ی پەسەند کرد، کە لەلایەن نووسینگەی ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئامادە کراوە و کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ئێستا چەندین ڕاپۆرتیان بڵاو کردۆتەوە بۆ خستنەڕووی جێبەجێکردنی پلانەکە و پابەندبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم.
لە بارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانەکە، دیندار زێباری، رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی پلانەکە ڕایگەیاند: پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ بە بەشداری و ڕاوێژکردن بە دەسەڵاتی دادوەری، سەرۆکایەتیى هەرێم، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاریى عێراق (یۆنامی)، گشت وەزارەت، فەرمانگە، دەستە، کۆمەڵگای مەدەنی، سەندیکا پەیوەندارەکان و دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ وەک لایەنی چاودێر لە جێبەجێکردنی پلانەکە ئامادە کراوە، پلانەکە لە (27) بەش پێکدێت و گشت بوارەکان لەخۆ دەگرێت.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم زیاتر گوتی: ئامانجی پلانەکە گونجاندنی یاسا و بڕیاره‌ بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمە لەگەڵ ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و پتەوکردنی ئەو دەستکەوتانەیە کە تا ئێستا لە بواری حوکمڕانیدا بەدی هاتوون و بونیاتنراون، هەروەها پتەوکردنی توانای دامودەزگه‌کانی حکومەتی هەرێمە لەم بوارە، ئەمەش بە هەماهەنگی نێوان هەموو لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی هەرێم بەدی دەهێنرێت.
لەبارەی ئاستی جێبەجێکردنی پلانەکەش، دیندار زێباری ڕایگەیاند: تا ئیستا بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو کۆنفرانسی تایبەت بە پلانەکە و کۆنفرانسێکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەر و کارتێکەر عەقڵییەکان لە چوارچێوەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پلانەکە ئەنجامدراوە، هەروەها تۆڕێکی زانیاری بەرفراوانی لە دامودەزگه‌کانی هەرێم پێکهێناوە تایبەت بە جێبەجێکردنی پلانەکە و بۆ یەکەم جار سیستمێکی داتابەیسی تایبەتمان بە پلانەکە داناوە کە گشت زانیارییەکانی تایبەت بە ڕاسپاردەکان لەخۆ دەگرێت، لەلایەکی دیکەوە نزیکەی 60 وۆرکشۆپمان بە هاوکاری لەگەڵ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئەنجامداوە. لەمیانەی وۆرکشۆپەکان نزیکەی ١٠ ڕێکارمان ئامادە کردووە و ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم کراون بۆ جێبەجێکردنیان.

سەبارەت بە ڕاپۆرتەکانیش وتی: تا ئێستا پێنج ڕاپۆرتمان بەپێی پلانی هەرێمی دەرکردووە، دوایین ڕاپۆرتیان بەراوردکارییە لەسەر ئاستی دامودەزگه‌کانی هەرێم، ئاڕاستەی دامودەزگه‌ی نێوخۆيی و نێودەوڵەتی کراوە، بە کونسوڵخانەکان و ڕێکخراوە بیانییەکان و ئاژانسەکانیش، ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان لە ماوەی ساڵی 2023 زیاتر لە ٢٥% زیادیکردووە، لە 34.8 بۆ 42.8 پێشووەچوونی بەخۆوە بینیوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم وێڕای ئالنگاری و بەربەستەکان هەنگاوی زۆری ناوە لە بارەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی ڕاگەیاند: بەشێک لە ڕاسپاردەکان بەر لە پەسەندکردنی پلانەکە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێکراون و کاریان پێکراوە بەتایبەتی لە دەرکردنی یاسا و ڕێنماییەکان لەوانە: پاراستنی مافی پێکهاتەکان، پشووە ڕەسمییەکانی پێکهاتەکان، نەهێشتنی توندوتیژيی خێزانی، پاراستنی مافی خاوەنپێداویستی تایبەت، کاری ڕۆژنامەوانی، ڕێکخستنی خۆپێشاندان، زمانەکان، دەستەی نەزاهە، پێکهێنانی کۆمەڵەکان و چەندین یاسای تر.