Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی هۆڵەندا پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و ھەمەجۆركردنی سەرچاوەی داھات تاوتوێ كرد

• قوباد تاڵەبانی: چاكسازییەكانمان بەردەوامە

• كار لەسەر پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و كەرتی تایبەت دەكەین بەمەبەستی ھەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داھات و رەخساندنی ھەلی كاری زیاتر.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لەھەولێر، پێشوازی كرد لەئەریک ستراتینگ باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق وکۆنسوڵی گشتی هۆڵندا لە ھەرێمی كوردستان.

لەكۆبوونەوەكەدا، تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و هۆڵەندایان کرد. پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی هەرێم وپلانی حكومەت بۆ گەشە كردنی كەرتی تایبەت تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوون.

قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە پلانی حکومەتی هەرێم بۆ هەمەجۆرکردنی داهات و رەخساندنی هەلی کار باسی لە پێویستی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کرد لەبەر رۆشنایی ئەزمونی دەوڵەمەندی هۆڵەندا و لەم چوارچێوەیەشدا داوایکرد حکومەتی هۆڵەندا هاوکاری حکومەتی هەرێم بێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی بەغدا کرا و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق روو دەدات دەرئەنجامی کێشە کەڵەکەبووەکانی چەندین ساڵی رابردووە. باسی لەوەشکرد بۆ پێشکەشکردنی حوکمڕانییەکی سەرکەوتوو دەبێت گۆڕانکاری لە میکانیزمەکانی سیستمی حکومڕانیدا بکرێت.

ھەروەھا تاوتوێی دۆخی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان کرا، لەم چوارچێوەیەشدا ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە هاوکاری نێودەوڵەتی هەرێمی کوردستان بكرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی شایستە خزمەتی ئاوارەکان بکات.

لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، بەئاماژەدان بە بەردەوامی چاكسازییەكانی حكومەتی ھەرێم، قوباد تاڵەبانی ستایشی ھەماھەنگی و رۆڵی حكومەتی ھۆڵەندای كرد كەھاوكاری ھەرێمی كوردستانی كردووە.