Skip to the content
Menu

جێگری سەرۆک وەزیران

قوباد تاڵەبانی

قوباد تاڵەبانی لەئێستادا و بۆ جاری دووەم لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە. تاڵەبانی سەرپەرشتی جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانە دەكات كە لەمیانەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا لە 2018 بەدەنگدەرانی داوە، ئەو بەڵێنانەش بریتین لە ئارامی و هەلی كار و خزمەت.

بەستەرە پەیوەندیدارەکان

چالاکیەکان

تویتەر

فەیسبوک

ئینستاگرام

قوباد تاڵەبانی وەك كاندید بە 182 هەزار دەنگ زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا بەدەستهێناوە بە بەراورد بە سەرۆك لیست و كاندیدەكانیتر. بۆ یەكەمجاریش لە حوزەیرانی 2014 وەك جێگری سەرۆكی حكومەت دەستنیشان كراوە.

قوباد تاڵەبانی لە دۆخێكی زۆر هەستیاردا پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی وەرگرت، ئەوكات بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداوە ڕاگیرابوو، نرخی نەوت لە پاشەكشەدا بوو، قەیرانێكی سەختی دارایی بەرۆكی هەرێمی گرتبوو، رێكخراوی داعش كە یەكێك لە توندڕەوترین گروپە چەكدارە تیرۆریستەكانە كۆنتڕۆڵی چەند بەشێكی عێراقی كردبوو، بەم هۆیەشەوە دەوروبەری 1.8 ملیۆن ئاوارە ڕوویان لە هەرێم کرد. لەم ماوەیەدا و سەرباری تەحەداكان تاڵەبانی سەركەوتوانە چاودێری چاكسازییە ئابوورییەكانی حكومەتی هەرێمی كردووە.

بەشی گەورەی پرۆژەی قوباد تاڵەبانی لەسەر بەهێزكردنی چاودێریی لەسەر خەرجییەكانی حكومەت بنەڕەتە بۆ گەشتن بەئامانج. سەرپەرشتی جێبەجێكردنی بەرنامەی بایۆمەتری كردووە بۆ تۆماری فەرمانبەران كە ئامانج لێی سڕینەوەی ناوی فەرمانبەرانی ناڕاست بوو، بەم هۆیەشەوە 50 هەزار پلەی وەزیفی وەهمی سڕایەوە و ملیۆنەها دۆلاری مانگانەی بۆ حكومەت گێڕایەوە، لەماوەی 6 مانگیشدا 1.2 كەس خرانە ناو داتا بەیسەوە.

قوباد تاڵەبانی پۆرتاڵی خزمەتیشی راگەیاندووە كە ئامانج لێی ئاسانكاریكردنی كۆنتاكتی نێوان حكومەت و هاوڵاتیان و خێرا ڕاپەڕاندنی مامەڵە تایبەتەكانی پەیوەست بەخزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان و پەیوەستكردنیانە بە ئینتەرنێتەوە.

لەو ماوەیەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت بووە لە كابینەی حەوتەم، سەرۆكایەتی دەستەی تەنسیق و بەدواداچوونی وەزاری كردووە كە خۆی دایمەزراندبوو. ئەركی ئەم دەستەیەش رێكخستنی كاروباری وەزارەتە جیاجیاكان و دڵنیابوونەوەیە لە باش جێبەجێكردنی كاروبارەکانی حكومەت.

پێش گەڕانەوە بۆ كوردستان، تاڵەبانی لە نوسینگەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا خزمەتی كردووە لە ساڵی 2000 وە. لە پاش یەكگرتنەوەی ئیدارەكانی هەرێمیش وەك نوێنەری هەرێم لە واشنتۆن دەستنیشان كراوە، لەو ماوەیەشدا تاڵەبانی نوسینگەكەی وەك نیمچە باڵیۆزخانەیەك لێكردووە و چەند بەشێكی تێدا دامەزراندووە.


نوێنەرایەتی هەرێم لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رۆڵی دیوە لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ لقە جۆربەجۆرەكانی ئیدارەی ئەمەریكا. جگە لەوەش پەیوەندییەكی زۆر باشی هەبووە لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە ئەمەریكا. قوباد تاڵەبانی لە 23 ئایاری 2008، گروپی كوردی _ ئەمەریكی لە كۆنگرێس دامەزراند بە ئەندامێتی 52 كۆنگرێسمان ئەمەش لەئێستادا گرەنتییە بۆ بەردوامیی پەیوەندی دۆستانە و هاریكارانەی وڵاتە یەكگرتووەكان و هەرێمی كوردستانی عێراق.

لەو ماوەیەشی كە نوێنەری حكومەتی هەرێم بووە لە ولاتە یەكگرتووەكان قوباد تاڵەبانی رۆڵی دیوە لە دامەزراندنی ئەنجومەنی كاری كوردی _ ئەمەریكی
قوباد تاڵەبانی رۆڵی دیوە لەهاندانی چالاكییە مەیدانییەكان لەئەمەریكا بەئامانجی بەشداركردنی كوردانی هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمەریكی لە داڕشتنی سیاسەتی وڵاتەكەیان دەربارەی هەرێم. لەم میانەیەشدا كۆمەڵگەی كوردی لە ئەمەریكا چالاك كراوەتەوە لەنێوشیاندا ئەندامانی لیژنەی ئەمەریكی _ كوردی لە كۆنگرێس كە بووە هۆی ئەوەی بڕیاری كردنەوەی كونسوڵخانەی ئەمەریكا لەهەرێم دەربچێت.

لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق لە حوكمی سەدام حوسێن لە 2003، قوباد تاڵەبانی وەك بەرپرسی پەیوەندییە دەرەكییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كاری كردووە. شوێنی كاری ئەو لەنێوان سلێمانی و بەغدا بوو، لەوێ ئەركی هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان وەرگرت بەتایبەت ئۆفیسی ئاوەدانكردنەوەو پاڵپشتی مرۆیی. هەروەها قوباد تاڵەبانی دانوستانكارێكی سەرەكی بووە لە لیژنەی نووسینەوەی دەستوری كاتی عێراق بۆ قۆناغی ڕاگوزەریی كە رێگەی خۆش كرد بۆ دەستوری ئێستا.

لەپاش تەواوكردنی ئامادەیی قوباد تاڵەبانی گرنگی بەخوێندنی ئەندازە داوە و دیبلۆمی لە میكانیكی ئۆتۆمبیل بەدەستهێناوە، پاشان بڕوانامەی ئەندازەی میكانیكی لە زانكۆی كینگستۆن لە لەندەن بەدەستهێناوە.

قوباد تاڵەبانی لە 1977 لەدایكبووە، لەگەڵ هەردوو باپیری و نەنكی ژیاوە كە رۆماننوس و شاعیرن بەناوەكانی ئیبراهیم ئەحمەد و گەلاوێژ ئەحمەد. قوباد لەخێزانێكی كورد پەروەرە، باوكی كە جەلال تاڵەبانییە سەرۆكی عێراق بووە لە ساڵانی 2006 _ 2014

تاڵەبانی لەگەڵ شێری خێزانی و هەردوو منداڵەکەیدا ئاری و لارا لەهەولێر دەژین. هەردوو زمانی كوردی و ئینگلیزی بەباشی دەزانێت، بەتاسەوە تەماشای تۆپی پێ دەكات و هاندەری یانەی مانچستەر یونایتدە.