Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئیدارەی گەرمیان کۆبووەوە

لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەیدا بۆ گەرمیان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانى هه‌رێمى كوردستان، لەگەڵ جەلال شێخ نووری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنوورەكه‌ کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی دووشەممە ١٥ـی نیسانی ٢٠٢٤ لە کەلار بەڕێوە چوو، جێگری سەرۆکوەزیران، بەرپرسانی ئیدارەی گەرمیانی ڕاسپاد ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئاسانکاريی زیاتر لە جێبەجێکردنی کاروباری هاووڵاتییان و خزمەتکردنی باشتری دانیشتووانی دەڤەری گەرمیان بگرنە بەر، گوتیشی: لەپێناو باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتییاندا لە هەر کاتێکدا بە پێویستی بزانن گۆڕانکاری لە پۆستە ئیدارییەکانی سنوورەکەدا دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە دا لەپێناو بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و هاندانی زیاتری وەبەرهێنەران، دەبێت لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەرمیان ئاسانکاری تەواو بۆ وەبەرهێنەران بکرێت و ڕۆتین کەم بکرێتەوە، گوتیشی: نەک هەر دەبێت ئاسانکاری تەواو بۆ وەبەرهێنەرانی سنوورەکە بکرێت، بەڵکو پێویستە هانی وەبەرهێنەران بدرێت لە ناوچەکانی دیکەشەوە ڕوو بکەنە ئیدارەی گەرمیان و بەشدار بن لە بووژانەوەی ئابووری لە سنوورەکەدا.
جێگری سەرۆکوەزیران بە بەرپرسانی ئیدارەی گەرمیانى گوت “پلانێکی گونجاو بۆ پەرەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری ئامادە بکەن کە لەگەڵ ژینگە و تواناکانی سنوورەکەدا بگونجێت.”
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پاش گوێگرتن لە داواکاری و کێشە و گرفتەکان، قوباد تاڵەبانی بڕیاری دا لەسەر چارەسەرکردنی بەشێک لە داواکارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئیدارەی گەرمیان.