Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لە کفری وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای حەسیرەی بەسەر کردەوە

ڕۆژی یەکشەمە ١٤ـی نیسانی ٢٠٢٤، لە ڕۆژی ئەنفالدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد.
لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا، بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی ئەنفال، لە گوندی دێبنە سەردانی مۆنۆمێنتی شەهیدانی کرد و تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفای لەسەر مۆنۆمێنتەکە دانا.
دواتر بە یاوەری کەمال محەمەد وەزیری کارەبا و ئەحمەد مفتی، بریکاری وەزارەت، سەردانی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای حەسیرەی کرد و بەشە جیاوازەکانی پرۆژەکەی بەسەر کردەوە.
جێگری سەرۆکوەزیران دەستخۆشی لە ستافی بەڕێوەبردنی وێستگەکە کرد کە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە توانیویانە پرۆژەکە سەرپێ بخەن و داوای لێ کردن بۆ فراوانترکردنی پرۆژەکە لە داهاتوودا کار بکەن.

بە بیریشی هێنایەوە کە پرۆژەکە جێبەجێکردنی یەکێک لە بەڵێنەکانی بوو کە لە ساڵی ٢٠١٨دا، بەڵێنی بە دانیشتووانی کفری دابوو کێشەی گازی بەفیڕۆچووی گەرمیان کە زیانی بە ژینگەی ناوچەکە گەیاندبوو چارەسەر بکات و بە دروستکردنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا، لە گازە بەفیڕۆچووەکە، وزەی کارەبا بەرهەم بهێنن و خزمەتی ناوچەکەی پێ بکەن.

وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای حەسیرە لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی ١٦٠ مێگاوات کارەبای هەیە.