Skip to the content

دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی گەشتیاریی بەنداوی باوەشاسوار دەکرێت

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کورستان، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئیدارەی گەرمیان، سەردانی قایمقامییەتی کفری کرد و لەگەڵ قایمقام و بەرپرسانی ئیداری قەزاکە کۆبووەوە، دواتر سەردانی بەنداوی باوەشاسواری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی یەکشەمە ١٤ـی نیسانی ٢٠٢٤ بەڕێوە چوو، جێگری سەرۆکوەزیران، پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە ساهر عەلی جاسم، وەک قایمقامی نوێی کفری کرد. پاشان باس لە کێشە و گرفتە ئیداری و خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکە کرا و بڕیار درا چەند پرۆژەیەک لە سنوورەکە بە تایبەت لە بواری ڕێگەوباندا جێبەجێ بکرێن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی داوای لە بەرپرسانی ئیداری قەزاکە کرد هەموو جۆرە کاراسانییەک بکەن بۆ باشتر خزمەتکردن و جێبەجێکردنی داواکاری هاووڵاتییان و شێوازی مامەڵە لەگەڵ خزمەتخواز باشتر بکرێت.

لە دوای کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکوەزیران بە یاوەری ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و جەلال شێخ نووری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، سەردانی بەنداوی باوەشاسواری کرد.

لە سەردانەکەدا تاوتوێی ڕێکارەکان و چۆنییەتی دروستکردنی ناوچەیەکی گەشتیاری لەسەر بەنداوەکە کرا و داوای کرد دەستەی گەشتوگوزار بە هاوکاری ئیدارەی گەرمیان لە نزیکترین ماوەدا پرۆژەی گەشتیاریی بەنداوی باوەشاسوار بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها ڕایگەیاند کە ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی ئەم پرۆژەیە بە زووترین کات تەواو دەبن کە چەندین هەلی کار دەڕەخسێنێت و دەبێتە هۆکارێک بۆ پەڕەپێدانی ژێرخانی ئابووریی دەڤەرەکە.