Skip to the content

هەرێمى کوردستان و کۆریاى باشوور خوازیارى هاوکاریی یەکترین لە بواری حکومەتى ئەلیکترۆنی

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران، رۆژى سێ شەممە 25/1/2022 لەشارى هەولێر، چاویكە‌وت بە‌ چۆی کوانژین، کونسوڵى گشتی کۆریاى باشور لەهەرێمی کوردستان، کە بەمەبەستی ماڵئاواییکردن بەهۆی تەواوبوونی ئەرکەکەیەوە لەهەرێمی کوردستان سەردانی کردبوو.

لەو کۆبونەوەیەدا باس لە‌ پتە‌وكردنی پە‌یوە‌ندییە‌كان كرا و قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لەکونسوڵى کۆریاى باشور کرد کەلەماوەى رابردوودا ئەرکەکانی زۆر بەباشی بەرێوەبردووە و رۆڵى بەرچاوی بینیوە لە لێکنزیککردنەوە و برەوپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆریاى باشور بەتایبەتی لەبوارەکانی کلتورى و سیاسی و کۆمەڵایەتی، هیواى سەرکەوتنیشی بۆ خواست لەئەرکی نوێیدا.

هاوکات رۆڵى کۆریای باشور بەرزنرخێنرا کە لەسەرەتاوە هاوکار و پشتیوانی هەرێمی کوردستان بووە، جەختیشکرایەوە کە پێویستە هەردوولا زیاتر ھاوكار و ھە‌ماھە‌نگ بن لەبواری حکومەتى ئەلیکترۆنی-دا و بۆ ئەو مەبەستەش بریاردرا کە لەگەڵ دەسبەکاربوونی کونسوڵی نوێدا هەنگاوی زیاتر لەو ڕووەوە بنرێن.