Skip to the content

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی سەرشانییەتی زمانی کوردی لە فەوتان و شێواندن بپارێزێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - زمانی دایك بەیەكێك لە بنەما‌و ڕەگەزە سەرەكییەكانی پێكهێنەری هەر نەتەوەیەك دادەنرێت‌ و لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بایەخی زۆری پێدەرێت.
هەر لەبەر ئەو بایەخە مەزنەیە كە ڕێكخراوی یونسكۆ لەساڵی 1999وە بە بڕیارێك ڕۆژی 21ی شوباتی هەموو ساڵێكی بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایك ناساندووە.
كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە 15ی شوباتی 2002 بڕیاریكی تایبەتی بۆ بەرجەستەكردنی فرەزمانی دەركرد و داوای لە دەوڵەتانی ئەندام‌ و سكرتاریەتی گشتی ڕێكخراوەكە كرد كە هەوڵی پارێزگاریكردن‌ و پاراستنی هەموو زمانەكان لە سەرانسەری جیهاندا بدەن.
چونكە بە بڕوای ئەو ڕێكخراوە داننان بە فرەزمانی ڕاستەقینەدا یەكێتی گەلان لەڕێی هەمەڕەنگی‌ و لێكتێگەیشتنی نێودەوڵەتییەوە بەهێز دەكات.
گەلی كوردستانیش وەك هەموو گەلانی دیكەی جیهان، بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی هەوڵی پاراستنی زمانەكەی‌ و به‌ فه‌رمیی ناسینی داوە.
لە ساڵانی 1925 تا 1970 نەتوانرا زمانی كوردی وەك زمانی فه‌رمی بخرێتە دووتوێی ماددە‌ و بڕگەكانی دەستوورەكانی عێراقەوە‌ و لەهەموو ئەو دەستوورانەدا پێشتر تەنیا دان بەزمانی عەرەبیدا نرابوو وەك تاكە زمانی فه‌رمیی وڵات.
یاسای زمانە فه‌رمییه‌كان لەهەرێمی کوردستان ڕێگەی بەخوێندن لە سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن بە زمانەكانی دایك داوە.
بە فه‌رمیی ناسینی زمانی كوردی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی‌و دەرەكی بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق بە مانای بە فه‌رمیی ناسینی گەلێكە كە هاوشانی گەلی عەرەبە‌ و گەلی پلەدوو نییە،
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش به‌ فه‌رمیی ناسینی زمانی كوردی بایەخی ئەوەی هەیە كە بەرپرسانی عێراق‌ و هەرێمی كوردستان دەتوانن لە كۆڕ‌ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییە فه‌رمییه‌كاندا بە زمانی كوردی قسە بكەن.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک داکۆکیکار لە زمانی کوردی بەهەموو زاراوه‌کانییەوە، ئەرکی سەرشانییەتی زمانی کوردی لە فەوتان و شێواندن بپارێزێت و ڕێز لە پێکهاتە زمانییەکان بگرێت کە دەیانەوێت لەناوچەکانی خۆیاندا بە زمانی دایک بخۆێنن.
زمانی دایک ، زمانێک کە دەرخەری ئاوەزی تاک و کۆمەڵگەیە و دەبێت ڕێزی لێبگیرێت ھەرچەند ئاخێوەرانیشی کەمبن، زانست ئەمەی سەلماندووە، کاتێک تاکێک بە زمانی دایکی نەخوێنێت لە ڕووی گەشەی مێشک و باری کۆمەڵایەتییەوە تاکێکی لاواز دەبێت و ئەوەی زمانی دایکی نەزانێت بڕوانامەکەی هەرچی بێت بە نەخوێندەوار دێتە ئەژمار.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێم کار بۆ گەشەسەندنی سیاسەتی زمانی و گەشەی زمان و ڕەخساندنی زەمینەی خوێندن بە زمانی دایک بۆ تەواوی پێکهاتە زمانییەکان دەڕەخسێنێت.