Skip to the content

وەزیری دارایی بۆ کونسوڵخانەی ئەمریکا: لەپێناو چارەسەری کێشەکانمان هاوکاری حکوومەتی نوێی عێراق دەبین

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازی لە شاندێکی کونسوڵخانەی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەولێر کرد، کە پێکهاتبوون لە زەهرا بێل جێگری سەرۆک کونسوڵ و هیس بەیل، سەرۆکی بەشی ئابووری.

له سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری گوتی: "ئێمە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتیی حکوومەتی نوێی عێراق دەبین، بەو هیوایەین لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا بتوانین مافە ڕەواکانی گەلی کورد بەدەست بهێنین."

سەبارەت بە سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی و ئابووری لە ڕۆژانی داهاتوودا، وەزیری دارایی و ئابووری بە شاندی میوانی گوت: "ئێمە لە پێناو بەدەستهێنانی بەشە بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچینە بەغدا، هیوادارین سەرەتایەکی باش هەبێت بۆ لێکتێگەیشتنی دانوستانەکان، بۆ ئەوەی مافەکانی گەلی کورد بەدیبێت."

لەمیانی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوەشکرد: "ئامانجمان گفتوگۆکردنە لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣، هاوکات دەبێت بەپێی دەستوور دۆسیەی نەوت و غاز چارەسەربکرێت."

لای خۆشیانەوە شاندی میوان، سوپاس و خۆشحاڵیی خۆیان بە دید و بۆچوونەکانی وەزیری دارایی دەربڕی، ئاماژەیان بەوەش دا کە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان دەبن.