Skip to the content

وەزیری دارایی بەدواداچوون بۆ کێشەی ھاووڵاتیان و بازرگانانی سلێمانی ده‌كات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- وەزیری دارایی و ئابووری بەدواداچوون بۆ گرفتی ھاووڵاتیان و بازرگانانی سلێمانی دەکات لەڕووی پێدانی باج و ئەو کێشانەی لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سەر بە وەزارەت ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێم، بە ئامادەبوونی سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی، ھەریەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ و فەرمانگەکانی باجی خانوو و بەرەی یەک و دوو و خانوو و بەرەی میری و باجی کۆمپانیاکان و باجی داھاتی یەکی سلێمانی بەسەرکردەوە و لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەو دامەزراوانە و بەرپرسی بەشە جیاجیاکانی ناو فەرمانگەکان کۆبووەوە.

وێستگەی یەکەمی سەردانەکەی وەزیری دارایی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرکی سلێمانی بوو و تێیدا بەدواداچوونی بۆ ھەموو ئەو کێشە و لەمپەرانە کرد کە بوونەتە ئاستەنگ و باری سەرشانی ھاووڵاتیان بەگشتی و بازرگانان و خاوەن بارەکان و بەڕێوەچوونی ئیشوکارەکانیان لە ڕێگەی دەروازە و بنکە گومرگییەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکە.

وەزیری دارایی بڕیاریدا ھەموو کارئاسانییەک لەپێناو زیاتربوونی جوڵە بازرگانییەکان و بەسوودی ھاووڵاتیان بەگشتی و کۆکردنەوەی داھات بکرێت.

دواتریش وەزیری دارایی و ئابووری، ھەریەک لە فەرمانگەی خانوو و بەرەی میری و باجی خانوو و بەرەی یەک و دووی سلێمانی و باجی کۆمپانیاکان و باجی داھاتی یەکی سلێمانی بەسەرکردەوە و لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگانە سەرجەم تێبینی و گازندەی بەشێک لە ھاووڵاتیانی لەبارەی چۆنیەتیی پێدانی باج خستەڕوو و فەرمانیشی کرد ھەموو خزمەتەکان بە پێی یاساو ڕێنماییەکان جێبەجێبکرێن و بەو ئاڕاستەیە بێت کە بارگرانی بۆ ھاووڵاتی درووست نەکرێت.

ھاوکات بەشێکی تر لە کۆبوونەوەکان پەیوەست بوون بە کەمیی میلاک و پێداچوونەوە بە شێوازی پەیکەری ئیداری و کارگێڕیی ناو ئەو فەرمانگانە و شێوازی دابەشبوونی پسپۆڕییەکان لە ناو ئەو دامەزراوە حکوومییانە و بڕیاردرا لە ڕێگەی لیژنەی تایبەتەوە ڕێکخستنەوەیان بۆ بکرێت.