Skip to the content

ئەنجومەنی شوورای هەرێمی کوردستان

 

دەستەی بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی هەرێم

دەستەی بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی هەرێم ئەركی سەیركردنە لە درووستیی بڕیارە كارگێڕییەكان كە لەلایەن فەرمانبەران و دەستەكانی فەرمانگەكانی هەرێم دەردەچن، ئەم دەستەیە بڕیاردەدات كە فەرمانە كارگێڕییەكە رەتبكرێتەوە یان هەڵبوەشێتەوە یان فەرمانەكە هەموار بكرێتەوە بە پێی وردەكاری كە لە ماددەی بیستدا هاتووە لە یاسای ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی  كوردستان _ عێراق ژمارە 14 ساڵی 2008 .

 

تایبەتمەندیەكانی دەستەی بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی هەرێم :

دەستەی بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی هەرێم هەڵدەستێ‌ بە بڕیاردان بە ڕەتكردنەوەی تانە یان هەڵوەشاندنەوە یان هەمواركردنی فەرمان یا بڕیاری تانەلێدراو.

بە كورتی هۆكارەكانی تانە لەبەردەم دەستەی بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی هەرێم :

  • فەرمانەكە یا بڕیارەكە پێشێلكردن یان سەرپێچیكردنی یاسا یا سیستەم و رێنوێنیەكانی تێدا بێت.
  • فەرمانەكە یا بڕیارەكە پێچەوانەی ڕێسا تایبەتمەندەكان دەرچووبێت.
  • فەرمانەكە یا بڕیارەكە پێچەوانەی ئەم شێوەیە بێت كە یاسا یا سیستەم  و ڕێساكان داوایدەكەن.
  • فەرمانەكە یا بڕیارەكە خەوشدار بێت (معیب) بێت لە هۆیەكەیدا.
  • فەرمانەكە یا بڕیارەكە خراپكار یا زۆرداری تێدا بێت لە بەكارهێنانی دەسەڵات.

 

 تایبەتكارییەكانی دەستەی بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی هەرێم

دەكرێ بڵێین تایبەتكارییەكانی دەستەی بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی هەرێم بە پێی دەقی ماددەی (21) بیست یەك لە یاسای ئەنجوومەنی شوورای هەرێم ژمارە 14 ی ساڵی 2008 و یاسای ڕێكاری دادگاییكردنی سزایی ژمارە (23) ی ساڵی 1971 دەكرێ‌ بەم جۆرەی خوارەوە دەستنیشانبكرێت:

یەكەم: وا دیارە یاسادانەر لە ماددەی بیست و یەك لە یاسای ئەنجوومەنی شوورای هەرێم زۆر بە ڕوونی پشتی بەستووە بە دەقەكانی تایبەت بە سزاكان كە لە یاسای بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی دەوڵەتدا هاتوون یاخوود هەر یاسایەكی تر كە جێگای بگرێتەوە.

واتە دەستەی بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی هەرێم سەیری ئەو ناڕەزاییانە دەكات كە لەلایەن خاوەن پەیوەندی لەبارەی سزاكانی كە لەیاسای بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی دەوڵەتدا هاتوون یاخوود هەر یاسایەكی تر كە جێگای بگرێتەوە .

دووەم: بڕیاری دەستەكە تایبەتن بە سزا بەرزەفتكارییەكان كە لە ماددەی (8) ی لە یاسای بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتی ژمارە 14 ی ساڵی 1991 هاتووە، و لە ئەنجامی تانووتەكە دەرچووە بنبڕە.

سێیەم: ئەو ناڕەزاییانەی كە لەلایەن خاوەن پەیوەندی لە بارەی سزكانەوە هاتوون بە پێی حوكمەكانی یاسای ئوسوڵی دادگاییكردنی سزایی سەیر دەكرێن.

 

تایبەتمەندییەكانی بڕیاری كارگێڕی شایانی تانە لێدان لەمانە  كۆدەكرێتەوە:
  • بڕیارەكە لە دەسەڵاتێكی كارگێڕی لە فەرمانگەكانی هەرێم دەرچووبێت:

مەرجە بڕیاری كارگێڕی لە دەسەڵاتێكی كارگێڕی لە فەرمانگەكانی هەرێم دەرچووبێت، چی لە ناو سنووری هەرێم یا لە دەرەوە، گرنگ لە دیاریكردنی لایەنی بڕیارەكەی لێ‌ دەرچووە، ئایا سەر بە هەرێمە یان پەیوەندی بە سیفەتی ئەندامەكانییەوە نییە، بەڵكو بە سەرچاوەی ئەو دەسەڵاتەوەیە كە دەسەڵاتی دەرچوواندنی بڕیاری لێ‌ وەردەگرێت، بۆ ئەوەی لەبەردەم بڕیارێكی كارگێڕیدا بین، پێویستە ئەم بڕیارە لە كەسێكی گشتی دەرچووبێت، خاوەن سیفەتی كارگێڕی لە كاتی دەرچوونی و گرنگ نییە دواتر ئەم سیفەتە گۆڕابێـت، هەر ئەوەشە بڕیاری كارگێڕی لە كارەكانی یاسادانان و دادوەری جیادەكاتەوە، لەبەر ئەوەی دەڕوانێتە سیفەتی لایەنی كە كارەكەی كردووە و ڕێوشوێنی كە گیراوەتەبەر لە دەرچوواندنی.

دەرچوواندنی بڕیاری كارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتییەوە دێتەدی، چی لە شێوەی ئاشكرا دەربڕین بێت یا بەشێوەی ناوەرۆكدار (ضمني) لە شێوەی دەرنەكردنی بڕیارێك كە دەبوایە كارگێڕی دەریبكات.

  • دەرچوونی بڕیار بە ویستی تاكانەی كارگێڕی بێت:

پێویستە بڕیارەكە تەنیا لەلایەن كارگێڕییەوە دەربچێت، هەر ئەوەشە بڕیاری كارگێڕی لە گرێبەستی  كارگێڕی جیادەكاتەوە كە بە ڕێکكەوتنی  هەردوو ویست دەردەچێت، چی ئەم دوو ویستە هی دووكەس بێـت لە كەسەكانی یاسای گشتی یا یەكێكیان لە كەسەكانی یاسای تایبەتی بێت.

كە دەڵێین پێویستە كاری كارگێڕی لەلایەن تەنیا كارگێڕییەوە دەرچووبێت، بۆ ئەوەی سیفەتی بڕیاری كارگێری هەبێت، واتا وانییە،  پێویستە لەیەك تاكەكەسەوە بێت، دەشێ زیاتر لە تاكێك هاوبەشیی پێكهێنانی بكەن، هەریەكەیان لە قۆناغێك لە قۆناغەكان پێكهێنانی هاوبەشی كردبێت، لەبەر ئەوەی هەمووان بۆ یەك لایەنی كارگێڕی كار دەكەن.

  • بڕیارەكە جێكەوتی (اثار)ی یاسایی لێبكەوێتەوە:

بۆ ئەوەی بڕیارەكە كارگێری بێت، پێویستە جێكەوتەی یاسایی لێبكەوێتەوە، چی بە درووستكردن یا هەمواركردن یا نەهێشتنی ناوەندێكی یاسایی دیاریكراو، گەر كاری كارگێڕی جێكەوتەی یاسایی لێنەكەوێتەوە ئەوا بە بڕیاری كارگێری هەژمارناكرێت.

  • بڕیاری كارگێری كۆتایی بێت:

یاسادانەر لە ماددەی سێزدە / سێیەم لەیاسای ئەنجوومەنی شوورای هەرێم مەرجی داناوە داواكان یەكلاییكاتەوە كەوا دەستە و تاكەكان پێشكەشی دەكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی دوا بڕیارە كارگێڕییەكان.

مەبەست لەكۆتایی وەك رێچكەزانی (الفقه) یاسا و دادوەریدا جێگیرە، نابێت بڕیاری دەرچوو لە كارگێڕی ملكەچی ڕاستاندن بێت (تصديق) لایەنێكی دیكە بێت، بە واتایەكی  تر پێویستە بڕیارەكە هەموو قوناغەكانی پێویستی بڕیبێت، بۆ دەرچوونی لەو دەسەڵاتەوە دەرچوو بێت كە توانای دوابڕیاری بە دەست بێ بۆ ئەوەی بۆ جێبەجێكردنی پێویستی خستنەبەردەستی دەسەڵاتێكی باڵاتر لە خۆی بێت، بۆ پشتڕاستكردنەوەی یا ڕاستاندنی (تصديق) سیفەتی كۆتاییەتی لەگەڵ جێبەجێكردن تێكەڵ دەبێت، لەبەرئەوەی ئەو بڕیارە كە هەر لەگەڵ دەرچوونیدا كاری پێدەكرێت.

  • بڕیاری كارگێری پارێز بەندی نەبێت لە تانە بە هەڵوەشاندنەوەی :

گەر ملكەچ بوونی كارگێری بنج بێت بۆ دادوەری ئەوا پێداویستی بەرژەوەندی گشتی پێویست دەكات لە پتەوی بنەماكە سووك بكرێت و رێبدرێت بە هاوسەنگی بنەمای ملكەچی كارگێری بۆ یاسا .

  •  بڕیاری كارگێڕی ڕێگای تایبەتی نەبێت بۆ تانە لێدانی:

یاسادانەر لە ماددەی شازدەی یاسای ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی كوردستان ئەو تانانەی لە بڕیارە كارگێڕییەكان دەگیرێت كە یاسای تایبەتی بۆ ستەمبینی (التظلم) یا ناڕەزایی یا تانە لێیان دیاركردووە، لە تایبەتمەندییەكانی دادگای كارگێڕی لادا.

لەو یاسادانانەش كە یاسادانەر رێگای تایبەتی بۆ تانە داناوە لە بڕیارە كارگێڕییەكانی پەیدا دەبن، یاسای بە خاوەنكردنی (الاستملاك) ی ژمارە 12 ی ساڵی 1080 و یاسای خانەنشینی یەكخراو ژمارە 27 ی ساڵی  2006 و یاسادانانی دیكەی سیستەمی یاسایی تێدایە، كە تیایدا یاسادانەر ژێدەری بۆ تانە بۆ داناوە لەبەردەم لیژنەكان یا ئەنجوومەنی كارگێڕییەكانی خاوەن تایبەمەندیی دادوەری.

 

هەنگاوەكانی داوا تۆماركردن لە دەستەی بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی هەرێم:

سەرەتا باس لەو هەنگاوانە دەكەین كە تایبەتن بە تۆماركردنی ئەو داوایانەی ستەمبینی تیایدا مەرجێكی سەرەكییە، ئەو داوایانەش بریتین لە داواكانی تایبەت بە سزاكان.

بەپێی ماددەی (21) ی یاسای ئەنجوومەنی شوورای هەرێم ژمارە 14 ی ساڵی 2008 و ماددەی 25 لە یاسای بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتی ژمارە 14  ی ساڵی 1991 كە تیایدا هاتووە :

یەكەم: سەیركردنی ئەو تانانەی كە لە بڕیارەكانی سەپاندنی سزاكان دەدرێن، ئەو سزایانەی كە لە ماددەی (8) ی یاسای بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتی ژمارە 14 ی ساڵی 1991 دا هاتووە، پاش ئەوەی ستەمبینی پێشكەشدەكات بەپێی بڕگەی (دووەم) لەماددەی ئاماژەپێكراودا، دواتر دەستە بڕیار دەدات بە پەسەندكردنی بڕیارەكە یان كەمكردنەوەی سزاكە یان هەڵوشاندنەوەی بڕیارەكە.

دووەم: مەرجە بەر لە پێشكەشكردنی تانە بۆ دەستەی بەرزەفتكردن لەسەر بڕیاری سەپاندنی سزاكە، ستەمبینی پێشكەش بە ئەو لایەنە بكات كە بڕیارەكەی دەرچوواندووە و لەماوەی 30 ڕۆژ لە بەرواری پێڕاگەیاندنی فەرمانبەر بە سەپاندنی سزاكە و لەسەر لایەنی پەیوەندیدار پێویستە وەڵامی ستەمبینیەكە بداتەوە لە ماوەی 30 رۆژ لە رۆژی پێشكەشكردنی ستەمبینیەكە و ئەگەر وەڵامی ستەمبینییەكەی لەماوەی دیاریكراودا نەدایەوە، ئەوە مانای وایە ستەمبینیەكەی ڕەتكراوەتەوە.

سێیەم: پێویستە كەسی تانەلێدەر تانە لە بڕیارەكە بدات لە دەستەی بەرزەفتكردن لە ماوەی 30 ڕۆژ لە رۆژی پێڕاگەیاندنی فەرمانبەر بە ڕەتكردنەوەی ستەمبینییەكەی.

چوارەم:  أ/ بڕیاری تانەلێنەدراو لە ماوەی یاسایی دیاریكراو كە لە بڕگەكانی (دووەم) و (سێیەم)ی ئەو ماددەیەدا هاتوون بنبڕە.

ب / دەكرێ تانە لە بطیاری دەستەی بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت لە دەستەی گشتیی ئەنجوومەن لە ماوەی 15 رۆژ لە رۆژی دوای پێڕاگەیاندنی بڕیار و بڕیاری دەستەی گشتیی ئەنجوومەن كە لە ئەنجامی تانووتلێدانەكە دەردەچێت بنبڕە.

پێنجەم: دەستەی بەرزەفتكردن لە كاتی سەیركردنی تانەكان  پەیڕەوی حوكمەكانی یاسای ئسووڵیی دادگاییكردنی سزایی دەكات  و یان هەر یاسایەكی تر كە جێگای بگرێتەوە و پێویستە دانیشتنەكان بە نەهێنی ئەنجامبدرێن.

جگە لەمە دەستەی بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی هەرێم لە كاتی یەكلاكردنەوەی تانەكان پەیڕەوی هەندێ یاسای تر دەكات وەك یاسای خزمەتی شارستانی و یاسای دادبینیی شارستانی یان هەر یاسایەكی تر كە جێگای بگرێتەوە.