Skip to the content

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: ئەولەویەت و پلانی دەستەی وەبەرهێنان بۆ کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیارییە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ چوار شەممە 2021/1/6 د.محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە دیوانی دەستە بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی دەستەی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەم ئەنجامدا، تیایدا بە داتا و زانیاری، سەرجەم کارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی بۆ کەناڵەکانی راگەیاند خستەڕوو.

لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکی دەستە رایگەیاند دەستەی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو بەرەو پێشبردنی پرۆسەی وەبەرهێنان و چاکسازی و کارئاسانی زیاتر کۆمەڵێک هەنگاو و رێکاری گرتۆتەبەر بە پشتبەستن بە کارنامەی کابینەی نوێ، ئێمە لەسەرەتاوە دیراسەی کەموکوڕی و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی وەبەرهێنانمان کردووە بە هاوکاری و ڕاوێژی لایەنە پەیوەندارەکان و کەسانی پسپۆڕ و وەبەرهێنەران.

د. محەمەد شوکری ئەوەشی خستەڕوو کە هەر لەپێناو کارئاسانی لە پڕۆسەی وەبەرهێنان و مامەڵەی پڕۆژەکان هەنگاوەکانی دروستکردنی سیستەمی یەکپەنجەرەیی دەستی پێکراوە، هاوکات سەرقاڵی کارکردنن بۆ داڕشتنی نەخشەیەکی سەرتاسەری وەبەرهێنانی هاوسەنگ.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەشکرد لەم کابینەیەدا جگە لەوەی ئەولەویەتی کارەکان گرنگیدان بووە بە پڕۆژە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکان، بۆئەوەی ئاراستەری پرۆسەی وەبەرهێنان بگۆڕین و داهات هەمەچەشن بکەین و کۆمەڵگاکەمان لە بەکاربەرەوە بکەین بە کۆمەڵگایەکی بەرهەمهێن، هاوکات سیستەمی ppp (هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت)مان هێناوەتە ناو پرۆسەکە بۆ ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی ستراتیژی گرنگ.

سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی وەبەرهێنان، سەرۆکی دەستە کۆمەڵێک داتای خستەڕوو و رایگەیاند تائێستا لە دەستەی وەبەرهێنان 1085 مۆڵەت دراوە بەم شێوەیە:

• مۆڵه‌تی كارپێكراو: 940 مۆڵه‌ت

• مۆڵه‌تی هه‌ڵوه‌شاوه‌: 145 مۆڵه‌ت

• له 28/7/2019 تاوەکو 31/12/2020 لە دەستەی وەبەرهێنان 596 پڕۆپۆزەڵی پڕۆژە پێشکەشکراوە.

د.محەمەد شوکری باسی لەوەشکرد لەم کابینەیە ئاڕاستەی وەبەرهێنان گۆڕدراوە. لە ئێستادا سێکتەری پیشەسازی لە پلەی یەکەم دێت لە کۆی سێکتەرکانی تری وەبەرهێنان، کە نزیکەی 35%ی قەبارەی گشتی وەبەرهێنانی پێکهێناوە، هەرچەندە لە ساڵانی پێشوتر سێکتەری نیشتەجێبوون لە پلەی یەکەم دەهات، بەڵام دوای بڕیاری چاکسازی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت ئەم ریزبەندیە گۆڕانکاری بەسەرداهات. لەئێستادا کۆی پڕۆژەکان بەپێی سێکتەرەکان بەم جۆرەیە:

1. پیشەسازی: 238 پڕۆژە

.2 نیشتەجێبوون: 184 پڕۆژە

.3 گەشتیاری: 162 پڕۆژە

4. بازرگانی: 163 پڕۆژە

.5 سەرجەم سێکتەرەکانی تر: ١٩٨ پڕۆژە

لە درێژەی کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەکە سەرۆکی دەستە ئاماژەی بەوەدا کە لە 28/7/2019 تا 24/12/2019 مۆڵەتی وەبەرهێنان بە 93 پڕۆژەى وەبەرهێنان دراوە بە سەرمایەى 2 ملیار و 502 ملیۆن دۆلار لەسەر رووبەری 3855 دۆنم. هاوکات لە کابینەی نۆیەم 29 مۆڵەتی وەبەرهێنان هەڵوەشاوەتەوە و ١٥ پڕۆژە مۆڵەتەکانیان لێ سەندراوەتەوە و دراوەتە وەبەرهێنەری نوێ. هەر لەم کابینەیەدا 596 پڕۆژه پێشكه‌ش به‌ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان‌ كراوه‌، 531 پڕۆژه‌ بە سەرمایەی 11 ملیار و 675 ملیۆن و دۆلار پەسەندکراون.

سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی خۆیانیش لە وەتەی دەستبەکاربونیان وەک سەرۆکی دەستە، د. محەمەد شوکری ئەوەی خستەڕوو کە:

- هەمواری ڕەشنوسی یاسای وەبەرهێنان تەواوبووە ئێستا لە ئەنجومەنی وەزیرانە

- رۆتین و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و گەندەڵى رێگری لێکراوە

- قۆرغکاری نەماوە و هەلی یەکسان بۆ هەموو وەبەرهێنەران فەراهەمکراوە

- سیستمی یەکپەنجەرەیی و نەخشەى وەبەرهێنان هەنگاوی بۆ نراوە

- دەرگای سەرۆکی دەستە و گشت فەرمانگەکان بە ڕووی هەموواندا کراوەیە و سەرۆکی دەستە سەردانى گشت پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانى کردووە.

- لەرێگەی دروستکردنى لیژنەی تایبەتمەندەوە دەیان کێشەى ناو پڕۆژەکانى وەبەرهێنان چارەسەرکراوە.

- ژمارەیەک پڕۆژەى نیشتەجێبون لە بەرژەوەندى هاوڵاتیان کێشەکانیان چارەسەرکراوە و دەستبەکار دەبنەوە. بۆ لەمەودوا حکومەتی هەرێم پشکی دەبێت لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون وەک سەرچاوەیەکی داهات بۆ حکومەتی هەرێم.

- نرخی خزمەتگوزاری ناو پڕۆژە نیشتەجێیەکان رێکخراوەتەوە و کەمکراوەتەوە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان.

- ژمارەیەک ناوچەی پیشەسازی لە پارێزگاکانی کوردستان ئەنجامدراوە و دەدرێت. سەبارەت بە ئەولەویەت و پلانی دەستەی وەبەرهێنانیش بۆ سێکتەرەکان لە ساڵی نوێدا سەرۆکی دەستە رایگەیاند: بۆ لەمە بەدوا ئەولەویەت گرنگی دانە بە کەرتی کشتوکاڵ، دەستەی وەبەرهێنان 170 هەلی وەبەرهێنانی کشتوکاڵى رادەگەیەنێت، هاوکات گرنگی زیاتر دەدرێت بە کەرتی پیشەسازی و گەشتیاری بە سودبینین لە سامانی کانزایی هەرێم و بەسودبین لە ئاو و هەواو تۆبۆگرافیای هەرێم.