Skip to the content

٢٠ هەزار شوققەکە بە باشترین جۆر درووستدەکرێن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- حکومەتی هەرێمی کوردستان خواستی خۆی لە دروستکردنی ٢٠ هەزار یەکەی نێشتەجێبوونەکە ڕوونکردووەتەوە کە پێشکەشکردنی باشترین جۆر و خزمەتگوزارییە لە پڕۆژەکەدا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و دەزگای کان و کۆمپانیای تیپسای هاوبەشی ڕاسپاردووە لە ڕووی ڕاوێژکاری و ئەندازیارییەوە هاوکار و پاڵپشتی جێبەجێبوونی پرۆژەکە بن، بەجۆرێک کە بە باشترین کوالیتی و خزمەتگوزارییەوە پڕۆژەکە بەڕێوەببرێت کە شایستەی کرێنیشینان بێت.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە دەزگای کان و کۆمپانیای تیپسای ڕاگەیاند،"ئامانجی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکردنی پرۆژەیەکی نمونەییە لە ڕووی کوالیتی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەوە، بۆیە پێویستە لە ئاست خواست و ویستی ئەو هاووڵاتییانەدا بێت کە لێی سوودمەند دەبن.''
ئاماژەی بەوەشدا، دەستەی وەبەرهێنان لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە ڕاسپێدراوە بۆ ئەو مەبەستە هەموو هەماهەنگی و هاوکارییەک لەگەڵ دەزگای کان و کۆمپانیای تیپسای بکات.

کۆمپانیای تیپسا لە ساڵی ١٩٦٦ دامەزراوە و ئەزموونی چەندین دەیەی هەیە، لە زۆر وڵات کار دەکات و ماوەی ٤٠ ساڵە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بواری ڕاوێژکاریی ئەندازیاری و بوونیاتنانی پڕۆژەکان کار دەکات و یەکێکیشە لە ١٠ کۆمپانیا یەکەمەکانی جیهان لە بواری بوونیاتنان و ئەندازیاری.