Skip to the content

شاندێکی حکومەتی هەرێم لە تورکیا لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی هەینی ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکھاتبوو لە د.ئۆمێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان و ئانۆ جەوھەر، وەزیری گواستنەوەو گەیاندن و گۆھدار شێخۆ، سەرپەشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیایان کرد.
شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لە گەڵ بەپرسانی باڵای تورکیا ئەنجام داوە کە هەریەک لە وەزیری بازرگانی، وەزارەتی گواستنەوە، وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوە تیایدا ئامادەبوون.
لە کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای تورکیا، باس لە فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرھێنان، کارئاسانی بۆ کۆمپانیاکانی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان، راکێشانی سەرمایەی بیانی، راکێشانی ھێڵی شەمەندەفەر لەنێوان تورکیا وهەرێمی کوردستان و عێراق، زیادکردنی جوڵەی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازە سنوورییەکان، کردنەوەی گۆڕەپانی بازرگانی لە سنوورەکان، فراوانکردنی ھێڵی ترانزێت لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و عێراق و زیادکردنی دەروازەی سنووری لە نێوان تورکیا و کوردستان وعێراق باسی لێوە کرا.