فهرمانگهی ههماههنگیی و بهدواداچوون و وهزارهتی پهروهرده، چهند پرسێكی پهروهردهییان تاوتوێ كرد
هەولێر- هەرێمی کوردستان- عێڕاق (GOV.KRG)- بە مەبەستی هەماهەنگیكردن بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە ١٤٦ی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە بەدواداچوونی ئەو دەرفەتانەی كە سوود لە توانا و ئەزموونی دامەزراوەكانی بەریتانیا وەردەگرن كە لە ئەنجامی سەردانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕۆژانی ١٩تا ٢٤ى نیسانى ٢٠٢٢ و دوای سازدانی چەندین كۆبوونەوەی گرنگ و تایبەت بە سێكتەرە جیاوازەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها بەهەند وەرگرتنی تایبەتمەندیی ئەزموونی بەریتانیا لە بواری پەروەردە و سوود وەرگرتنی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم لەم بوارەدا؛ ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە لە فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران، لەگەڵ سەرۆكی فەرمانگە و ژمارەیەك لە فەرمانبەران كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوە هاوبەشەكەی ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی ٢٩ ی ئایاری ٢٠٢٢باس لە بڕیار و ڕاسپاردەكانی سەرۆكی حكومەت كرا كە لە میانی سەردانەكەیان بۆ بەریتانیا چەندین خاڵی گرنگ و تایبەت بە بواری پەروەردە دەستنیشان كران ئەویش دەرەئەنجامی كۆبوونەوەی وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری پەروەردەی بەریتانیا بوو. بۆ ئەو مەبەستەش وەزیری پەروەردە باسی لە شێواز و چۆنیەتی هاوكاریی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون كرد لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی بڕیارەكە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت و دەرفەتی زیاتر و ئاكامی باشتری هەبێت بۆ سەرجەم قوتابی و مامۆستایانی كوردستان.