د.عەبدولحەکیم خەسرۆ: ھەر پرۆسەیەکی دامەزراندن پێویستە لە ڕێگەی ئەنجومەنی گشتی راژەوە بێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- بە مەبەستی پێداچوونەوە بە هێڵە گشتییەكانی کارنامەی كابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تایبەتیش بەرنامەی چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە چوارچێوەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، نووسینگەی رێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی STOP و بە هاوکاری رێکخراوی NEDی ئەمریکی، کۆنفرانسێکی لە شاری هەولێر سازكرد.
لە كۆنفڕانسەكەدا د. عبدالحكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، گوتارێكی سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئاستی جێبەجێكردنی پلانی چاكسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشكرد و گوتی:
لەو هەڵسەنگاندنەی كە بۆ ١٣ خاڵی ئاستی چاكسازی حكومەت كراوە، لە كۆی ٦٣ خاڵ كە ڕاپۆرتەكە دەستنیشانی كردووە، ٣٣ خاڵی ئەرینی و ٣٠ خاڵی نەرێنییە، واتە پەنجا لە سەد زیاتری بەرەو ئەرێنی ڕۆیشتووە و كاری تێداكراوە.
سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون راشیگەیاند:"ئێمە تەركیزی زیاتر لەسەر ئەو ٣٠ خاڵە نەرێنییە دەكەین و گرنگی پێدەدەین و بزانین چییە و چۆن چارەسەر دەكرێ. ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام كارمان لەگەڵ ڕێكخراوەكان كردووە و بە گرنگمان زانیوە داتایان پێ بدەین، لەوانەیە ئەو ڕاپۆرتەی لەبەر دەستە؛ ئەپدەیت و زانیاری زیاتری پێویست بێت، بۆیە ئێمە لە خزمەت ڕێكخراوی STOP و ڕێكخراوەكانی دیكەین بۆ هەر پرسیارێك كە دەتوانین لە ڕێگەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری پێتان بدەین. "
لە گوتەکەیدا د.عەبدولحەکیم خەسرۆ ئاماژە بە هەندێك تێبینی لەسەر ئەو ١٣ خاڵەی ئاستی چاكسازی حکومەت کرد و لەوانەش:
- زۆر بابەتییانە باسیان كردووە و هیچ خاڵێكی چاكسازی نییە لە هەر ١٣ خاڵەكە كە حكومەت كاری لەسەر نەكردبێت، بەڵام لەوانەیە ئاستی سێكتەرەكان جیاوازی هەبێت و یەكێك لەوەی دیكە باشتر پێشوەچووبێت و دەرەنجامی باشتر بێت.
- زۆر بە گرنگی باسی خاڵی جێبەجێكردنیی یاسای چاكسازی كردووە، ئایا پێویستی بە یاسایە، پەیڕەوە، ڕێنماییە یان هەر ڕێكارێك كە پێویست بێت، ئاماژەی پێكراوە. ئێمەش تێبینی و زانیاری زیاترمان لەسەری هەیە و دەتوانین بە ڕێكخراوی ناوبراو بدەین.
- ئەوەی پەیوەستە بە خاڵی یەكەم كە تایبەتە بە ڕێكخستنەوەی وەزیفەی گشتی؛ لەو پرسەدا كە پەیوەستە بە دەركردنی یاسای چاكسازی و جێبەجێكردنی لەگەڵ دامەزراندنی ئەنجومەنی ڕاژە، دیارە لەكاتی ئامادەكردنی ئەو ڕاپۆرتە هەنگاوەكانی پێشوەچوونی ئەنجومەنی ڕاژە لەبەرچاو نەبووە، بەڵام ئێستا ئەنجومەنی ڕاژە بە تەواوەتی كارەكانی خۆی دەكات و بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، هەر پرۆسەیەكی دامەزراندن لە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە لە ئەنجومەنی ڕاژەوە بكرێت.
- سەبارەت بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی؛ لەو ڕاپۆرتە تەنها ئاماژە بە یەك ماددەی چاكسازی كراوە، بەڵام یاسای چاكسازی یەك ماددە نییە بەڵكو باسی گشت ئەو بوارانە دەكات كە سوومەندن لە بودجەی گشتی، وەك بودجە، خانەنشین، ماف و ئیمتیازات، تەنانەت قەرزە بازرگانییەكانیش، بۆیە تەنها پەیوەست نییە بە پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران كە ئەوە تەنها ماددەی شەشی یاسای چاكسازییە و لەبەر هەندێك هۆكار دەكرێ لە یاسای بودجە چارەسەر بكرێت. بەڵام لە ماددەیەكی دیكە وەك پرسی دوو مووچەیی؛ ئێمە لەگەڵ وەزارەتی دارایی ئەو كێشەیەمان بە تەواوی چارەسەر كردووە و هەموو ئەوانەی بە نایاسایی زیاتر لە مووچەیەكیان وەردەگرت؛ بڕدراوە و ئێستا یەك مووچەیان بەردەوامە.
- لەمەر پرسی كاروباری كۆمەڵایەتی، ئەویش بەتەواوی جێبەجێكراوە.
- سەبارەت بە شەهیدان و ئەنفالكراوان؛ ئەوەی پێویست بوو بە دەرچوونی پەیڕەو و ڕێنمایی و پێداچوونەوە بە سوودمەندان؛ کاری لەسەر کراوە و ئەمە پرۆسەیەكی بەردەوامە.
- ئەوەی زۆر گرنگ و تایبەتە بە هێزی پێشمەرگە، بە سوپاسەوە لەگەڵ هاوپەیمانان پلانی چاكسازی هێزی پێشمەرگە دانراوە و چەند خاڵێكی هاوبەش لەنێوان پلان و یاسای چاكسازی حكومەت لەگەڵ پڕۆژەی هاوپەیمانان هەیە بۆ بەردەوامبوونی پاڵپشتییان بۆ هێزی پێشمەرگە. لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە كە كەم و كورتی لە دۆسێیەكان هەیە! بەپێی یاسای چاكسازی و دەركردنی ڕێنمایی دارايى ژمارە ٣٩ هەموو دۆسێی پێشمەرگە ڕێكخراوە، ئێستا سەرقاڵی پرۆسەیەكی دیكەین كە تا هەردوو یەكەی ٧٠ و ٨٠ هێزەكانی خۆیان ڕێكدەخەنەوە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەكان و دیسپلینی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە؛ ئینجا دەتوانین لیواكانیان بگوازینە بۆ سەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەش پرۆسەیەكی بەردەوامە.
- سەبارەت بە داتاكانی نەوت و غاز، ئێمە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی عێڕاقی ساڵی ٢٠٢١ هەموو داتاكانی هەناردەكردنی نەوتمان ڕەوانەی حكومەتی عێڕاق كردووە، تەنانەت لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ یەكەم جارە دیوانی چاودێری دارایی ئیتحادی دەتوانێ بێت وردبینی و چاودێری گشت داتا و خەرجییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات. ئەوە یەكێك بوو لەو بابەتانەی كە پێویست بوو بیكەین و بەڵێنمان بە جەماوەری كوردستان دابوو كە ئەوەی لەسەر ئێمەیە جێبەجێی دەكەین، ئەگەر حكومەتی ئیتحادی بەڵێنەكانی جێبەجێ نەكرد؛ ئێوە ناتوانن بڵێن حكومەتی هەرێم كەمتەرخەم بووە بەرانبەر بە ئەرك و ئیلتیزاماتی خۆی. بۆیە لە مانگی شوباتەوە هەردوو دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئیتحادی ڕاپۆرتێكی هاوبەشیان ئامادەكرد و تا ئێستا حكومەتی ئیتحادی بەڵێنەكانی خۆی جێبەجێ نەكردووە، ئەویش لەوانەیە پەیوەست بێت بەو قەیرانە سیاسییەی كە لە عێڕاقدا هەیە.
- سەبارەت بە پێدانی زانیاری، لەو كابینەیەدا زۆرترین زانیاری بە كەناڵەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان دراوە، بۆ نموونە چەندین ڕاپۆرت ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان كراوە و زۆربەی هەرە زۆری پرسیارەكانیان وەڵام دراوەتەوە، جگە لە سەردان و كۆبوونەوەی وەزارەت و فەرمانگەكانی حكومەت لەگەڵ لێژنەكانی پەرلەمان، چونكە لە ئاستی چاكسازی كارنامەی حكومەتدا هاتووە كە پێویستە حكومەت بە تەواوەتی هەماهەنگ بێت لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان و ئەركی چاودێری خۆیان ببینن.
- لەو ڕاپۆرتەدا تێبینی هەبوو لەسەر پێدانی زانیاری، فەرمانگەی میدیا و زانیاری گشت زانیارییەكانی حكومەت بەشێوازێكی دەوری و بەردەوام پێشكەش بە هاووڵاتییانی كوردستان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكات. هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە كە سەبارەت بەو پرسە ڕێنمایی دەربكرێت، بۆیە لە ئێستادا ڕێنماییەك لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، فەرمانگەی میدیا و زانیاری و دەستەی مافی مرۆڤ ئامادەكراوە و بەمزووانە كاری پێدەكرێت.
- هەردوو فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەمیشە زانیاری تەواو دەخەنەڕوو بەتایبەت لەو خاڵەی كە ئاماژە بە پێدانی زانیاری و شەفافییەت دەكات لە كاری حكومەت.
- پێویستە ڕوونی كەمەوە كە گشت بەڵێنەكانی حكومەت بۆ چاكسازی چووەتە بواری جێبەجێكردن. زۆر سوپاستان دەكەین و خۆشحاڵ دەبین چ وەكو پەرلەمانتاران و لێژنەكانی پەرلەمان، دەزگاكانی ڕاگەیاندن، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ئەگەر هەر تێبینی و هەڵسەنگاندنێكتان هەبێت لەسەر ئەدای حكومەت، چونكە پەیوەستە بە چارەنووسی هەرێمی كوردستان و ئەو میللەتە، ئێمە دەمانەوێت ببینە نموونەیەكی زۆر جوان و باشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەوەی كە مۆدێلكی حوكمڕانی هەیە و هیچ شتێک لە نێوان حكومەت و هاووڵاتییان شاراوە نییە، چونكە حكومەت كە دروست دەبێت بۆ خزمەتی هاووڵاتییانە نەك بۆ خۆسەپاندن، حكومەتێك كە خزمەتی ئەو دۆزە پیرۆزە دەكات و چارەنووسی كورد و كوردستانە.