بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم سوپاسی حکومەتی کۆریا و کونسوڵگەرییان لە هەرێم دەکات بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری پزیشکی بۆ هەرێمی کوردستان
ڕۆژی شەممە ١٥ی ئابی ٢٠٢٠، بەڕێز سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەریەک لە حکومەتی کۆریای باشوور و بەڕێز چۆی کوانگ ژین کونسوڵی گشتییان لە هەرێمی کوردستان و ئەوانەش کە بەشداربوون بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و پێداویستی پزیشکی بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنادا.
هاوکات بەڕێز سەفین دزەیی سوپاسی یارمەتی و هەوڵە بەردەوامەکانی کونسوڵگەری کۆریا لە هەرێم کرد بۆ دۆستایەتیی بەردەوامیان لەگەڵ حکومەت و گەلی کوردستاندا، ووتی "پەیوەندییەکی پتەو و دۆستایەتییەکی بەهێز هەرێمی کوردستان و کۆریا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هیوادارین ئەم پەیوەندییانە زیاتر بەرەوپێشبچێت لە سەرجەم ئاست و بوارەکاندا."
لە مەڕاسیمێکدا کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە ١٢ی ئابدا بەڕێوەچوو بە ئامادەبوونی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم و ستافی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ستافی کونسوڵگەری کۆریا لە هەولێر، کونسوڵی گشتی هاوکارییەکانی حکومەتی کۆریا کە بریتی بوو لە بڕی ٤٠٠ هەزار دۆلار کیتی پشکنینی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێی پێشکەشی هەرێمی کوردستان کرد.