بە هاوكاری حكومهتی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك هاووڵاتی ئەڵمانى و فینلەندى لە سوریاوە گەڕانەوە ووڵاتانى خۆیان
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- لە درێژەى هاوکارییە دوولایەنیەکان لە نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و ووڵاتان، لە لایەن هەردوو وڵاتى ئەڵمانیاى فیدرال و فینلەندا و بە هاوکارى و هەماهەنگى وەزارەتی ناوخۆو فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتى هەرێمى کوردستان و بە ڕێگاى نێردەى دیپلۆماسی خۆیان لە عێراق و هەرێمى کوردستان چەند ژن ومنداڵێکى داعشى بە ڕەگەز ئەڵمانى و فینلەندى کە لە کەمپەکانى باکورى ڕۆژهەڵاتى سوریا بوون لە ڕێگەى خاکى هەرێمى کوردستان و لە فڕۆکەخانەى نێودەولەتى هەولێر بە فڕۆکەیەکى تایبەت گەڕێندرانەوە ووڵاتى خۆیان.
هاوڵاتیەکان پێکهاتبوون لە سێ ئافرەت و دوازدە منداڵى بە ڕەگەز ئەڵمانى و هەروەها دوو ئافرەت و شەش منداڵى بە ڕەگەز فینلەندى، شایانى باسە پڕۆسەى گەڕانەوەکە بە هەماهەنگى و هاوکارى لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێم لە ڕووى دابین کردنى ئاسایش و هاوکارى لۆجستى و تەکنیکى و پێشکەش کردنى هەموو جۆرە کارئاسانیەک پێشکەش کرا بە مەبەستى سەرخستنى پڕۆسەى گەڕانەوەکە.
پڕۆسەى گەڕانەوەکە بە بەشدارى تیمێکى دیپلۆماسی ئەڵمانیا و فینلەندا و بە هەماهەنگى لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و دواى چەندین دیدارى پێشوەختە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێم ئەنجام دراوە. ئەمەش لە میانەى بڕوا بوونى حکومەتى هەرێم بۆ پتەوکردنى پەیوەندیە دوولایەنیەکان لەگەڵ ووڵاتانى هاوپەیمان و هاوکارى کردنى گەڕانەوەى ژن و منداڵانى قوربانى دەستى داعش بۆ ووڵاتى خۆیان.
شایانى باسە ئەمە یەکەم جار نیە کە پڕۆسەی گەڕانەوەى ژن و منداڵانى داعش کە لە کەمپى ئەلهۆلى ڕۆژئاوا دەژین، ئەنجام بدرێت. بەڵکو پڕۆسەى لەم شێوەیە چەند جارى دیکەش ئەنجام دراوە تایبەت بە گەڕانەوەى چەندین ژن و منداڵى دیکەى داعش کە خەڵکى ووڵاتانى ڕۆژ ئاوا بوونە و لە ڕێگەى خاکى هەرێمى کوردستان گەڕێندراونەتەوە.