Skip to the content

سەفین دزەیی : هەموو كاتێك ئامادەی چارەسەر كردنی كێشە وگرفتەكانین لەگەڵ بەغدا

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- سەفین دزەیی له‌ وێبینارێکدا که‌ لەلایەن نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەی کوردیش پڕۆگرێس ڕێکخرابوو له‌گه‌ڵ ئەندامانی په‌رله‌مانی بەریتانیا و ئەنجومەنی لۆردانی به‌ریتانیا کۆبووه‌وە.


لە وێبینارەکەدا که‌ دابان شەدەڵە جێگری به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ وژمارەیەك ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا و ئەندامانی ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا ئاماده‌بوون، دزەیی به‌وردی تیشکی خسته‌ سه‌ر بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە و په‌یوه‌ندییه‌ دولایه‌نه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و شانشینی یه‌کگرتوو.


هەروەها پوختەیەکی لەبارەی ڕوداوه‌ مێژوویه‌کان و بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان پێشکه‌ش کرد ، و ئاماژەی بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و هەڕەشەکان لەسەر ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچەکە کرد.


بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کاتێك ئامادەبووە کێشەکان لەگەڵ بەغداد بە پشت بەستن بە دەستوری هەمیشەیی ووڵات چارەسەر بکات، لە نێویشیاندا پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان.


هاوكات ئاماژەی بە ڕێکەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا كرد بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال و ئەوەشی خستەڕوو كە سەقامگیرکردنی بارودۆخی ئەمنی زۆر گرنگە بەمەبەستی ڕێگەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان و دووبارە بنیادنانەوەی ژیان کە بەهۆی شەڕی داعش دووچاری وێرانکردن بووە وپێکهێنانی هێزی پۆلیسی خۆجێی متمانه‌ی هاووڵاتیان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و هانده‌رده‌بێت بۆ گه‌ڕانه‌وای ئاواره‌کان هیواشی خواست کە ئەو ڕێکەوتنە ببێتە دەستپێکی ئاسایکردنەوەی تەواوی ناوچەکانی تر.


سەبارەت بە گرژییەکان له‌ ناوچە سنوریەکان لەگەڵ تورکیا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دانپیانراوی دەستورییە له‌ چوارچێوه‌ی ووڵاتی عیراقی فیدڕاڵ، وبەرپرسیارییەتی هەرێمی کوردستانە کە گەرەنتی سنورەکانی بکات لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ بۆ ئەوەی خاکی هەرێم لە دژی هیچ ووڵاتێك بەکارنەهێندرێت، جەختی لەسەر ئەوەش كرد كە بە پێی یاسا نێودەوڵەتیەکان و نه‌ریته‌ کارپێکراوه‌كان ناکرێت خاکی هەرێم بەکاربهێندرێت بۆ دروستکردنی هەڕەشە لەسەر ووڵاتانی دراوسێ هاوکات ووڵاتانی دراوسێش پێویسته‌ ڕێز له‌ سەروەری عێراقی فیدڕاڵ بگرن.


دزه‌یی ڕایگه‌یاند ‌ هه‌رێمی کوردستان و هاووڵاتیانی لەگەڵ ئەوەین كوردی هەموو پارچەکانی کوردستان به‌ مافی ڕه‌وای خۆیان بگه‌ن و پارێزراوبن، بۆ ئه‌وه‌ش هەرێمی کوردستان له‌ ڕابردودا هه‌وڵی ئاشته‌وایی و پرۆسه‌ی ئاشتی داوه‌ وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و ئامادەیە ئه‌و ڕۆڵه‌ ببینێت هه‌روه‌ها جەختیشی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە لە ڕێگەنەدان بە دروستبوونی شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکە و چاره‌سه‌رکردنی گرفته‌کان به‌ ئاشتیانه‌.

بەرپرسی فەرمانگە ئاماژەی بە ڕۆڵی به‌ریتانیا و سەردانی جەیمس کلێڤەرلی وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەیمەس هیپی وەزیری هێزە چەکدارەکانی بەریتانیادا بۆ هەرێمی کوردستان و کردو بە سەردانێکی سەرکەوتووی وەسفکرد ئاماژەی بەوەش كرد گفتوگۆی کراوە لەگەڵ شاندی وه‌زاری شانشینی به‌ریتانیا کراو و ڕۆڵی بەریتانیای لە هاوکاریکردنی هەرێم و سەقامگیری ئاشتی ناوچەکە بەرز نرخاند و ئاماژه‌ی به‌ گرینگى پەیوەندى لەمێژینەى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەریتانیا کردو و سوپاسى گەل و حکومەتى بەریتانیا و کۆمەلگەى نێودەوڵەتى کرد بۆ یارمەتى و هاوکارى بەردەوامی هەرێمی کوردستان.

دواتر کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا سوپاسی پەرلەمانتاران و لۆردە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکەی کرد، ودووپاتی كردەوە ڕۆڵی دۆستانی کورد لە بەریتانیا هەموو کاتێك گرینگ بووە لە بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان و پەرەدان بە پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا.


ڕاشیگەیاند ساڵی 2020 سه‌ره‌تایه‌کی ئاڵۆز و پڕ له‌ گرفت بوون بۆ هه‌رێمی کوردستان و عێراق،به‌ هه‌ڵکشانی گرژییه‌ سیاسیه‌کانی ناوچه‌که‌و لە ناوخۆی عیراق و هه‌رێمیش خۆپێشاندانەکان و پاشانیش بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆڕۆنا کە هەموویان کاریگەری ڕاستەوخۆیان کردۆتە سەر هەرێمی کوردستان و ئابوری هەرێمیان سست و لاواز کردووە.

هەروەها نەیشاردەوە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کاریگەری نه‌رێنیان دروست کردووه‌ له‌سه‌ر ئاستی ئاسایش وسەقامگیری ناوچەکە هه‌روه‌ها له‌ ئاستی ئارامی کۆمه‌ڵایه‌تی، که‌ ئه‌وانه‌ش پرسی بنەڕەتین بە مەبەستی زاڵ بوون بەسەر کێشە و گرفتەکان و بنیادنانی ووڵاتێکی خاوەن سەروەری کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەبێت لەگەڵ کێشە و گرفتەکان کە ڕوو لە ووڵات دەکەن.


نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند، که‌ هیچ نه‌بێت به‌ هه‌ندێک خاڵی ئه‌رێنی کۆتایی به‌ساڵی ٢٠٢٠ دێنین، له‌وانه‌ش به‌رهێمهێنانی ڤاکسین و ڕزگارکردنی مرۆڤایه‌تی، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی کۆڕبه‌ندێکی سه‌رکه‌وتووی ئابووری کوردستانی کە هەفتەی ڕابردوودا لە ڕێگای وێبینارەوە لە لەندەن ئەنجامدرا بەمەبەستی بەهێزترکردنی پەیوەندییە بازرگانیەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا و هاوکات سه‌ردانه‌ پڕ بایه‌خه‌که‌ی شاندی وه‌زاری شانشینی به‌ریتانیا بۆ هه‌رێمی کوردستان.


پەرلەمانتاران و لۆردە بەشداربووەکان ژمارەیەك پرسیارو تێبینیان تایبه‌ت بە بارودۆخی ناوەخۆیی و هه‌رێمی و گرژییەکانی ئەم دواییانە لە ناوچە سنورییەکان لەگەڵ تورکیا خسته‌ ڕوو که‌ گفتووۆی چڕیان له‌سه‌ر کرا و له‌لایه‌ن به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ ڕونکردنه‌وه‌ و زانیاری پێویستی پێشکه‌ش کردن، هاوکات په‌رله‌مانتاران و لۆرده‌کان جەختیان لەسەر گرینگی دایاڵۆگ کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕێگە نەدان بە تەشەنەکردنی ئەو گرژیانە که‌ ببنه‌ هۆی هەڕەشە دروست بوون لەسەر گه‌لی کورد و ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌که‌.

شایانی باسە پەرلەمانتاران لۆید ڕەسڵ، خەلیل مەحمود، فریال کلارك، ستیڤ رید، بێڵ ڕیبێریۆ ئادی، کریس ستیڤنس، بامبۆس چارالامبۆس، ماری فۆی، جۆن ماکدۆنێڵ، کارڵ تێرنەر، ئەنگەس مەکنێڵ و لۆرد مۆریس گلاسمان و لۆرد دەیڤد واتس، هەروەها سایمەن دەبینس بەڕێوەبەری بەشی نێودەوڵەتی و توێژینەوە لە سەندیکای کریکاران و گاری کێنت سکرتێری گرووپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا و سوهام جەبەلی ڕاوێژکاری فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و خەسرۆ ئاژگەیی بەڕێوەبەری کاروباری سیاسی و میدیا لەنوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا بەشداری مێزگردەکەیان کرد.