Skip to the content

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)-بە مەبەستى خستنەڕووى چەند پرسێکى پەیوەست بە ئەرک و کارى نوێنەرایەتیەکانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوەو رەوەندى کوردستانى لە دەرەوە، سەفین دزەیی بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت بە یاوەرى دابان شەدەڵە جێگرى بەرپرس و ژمارەیەک لە ستافى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە لەگەڵ د. رێبوار بابکەیی سەرۆکى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانى کوردستان و ئەندامانى لیژنە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە میکانیزمى کارى نوێنەرایەتییەکانى دەرەوەو چۆنیەتى بایەخدانى زیاتر بە رەوەندى کوردستانى لە دەرەوە درا. هاوکات تیشک خرایە سەر گرینگى دەرکردنى یاسایەکى تایبەت بە فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە بە شێوەیەک گوزارشت لە کارنامەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان بکاتەوە.

سەرۆک و ئەندامانى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانى کوردستان چەندین پرسیارو سەرنجیان ئاراستەى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە کردو بەڕێزیان بە داتاو زانیارى وڵامى سەرجەم پرسیارو سەرنجەکانى دایەوە.

هەر لە میانەى سەردانەکەیان بۆ پەرلەمانی کوردستان، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت و شاندى یاوەرى لەگەڵ ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە و باسیان لە ئەرك و کاری فەرمانگە و نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە کرد و بەرنامەی ئاییندەیان خستەڕوو.

دواتر بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە وجێگرى بەرپرسى فەرمانگە لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان هێمن هەورامی کۆبوونەوەو باسیان ئەرك و کاری فەرمانگە و نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە کرد. هاوکات بەرنامەی کاری چاکسازیان خستەڕوو.. سەفین دزەیى ئامادەیی تەواوی فەرمانگەى نیشاندا بۆ هەماهەنگیی لەگەڵ لیژنەی پەیوەندیداری پەرلەمان بۆ سەرجەم پرسەکان.

لە کۆتاییشدا لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکان خرانەڕوو.