بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت بەشداری لە پەنێڵی (کاریگەرى ئاڵۆزییە کوشندەکان لەسەر کوردەکانى عێراق و سوریا) دەکات
ڕۆژی هەینی ١٧ی تەموزی ٢٠٢٠، سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە پەنێڵێکدا کرد لە ژێر ناونیشانی (کاریگەرى ئاڵۆزییە کوشندەکان لەسەر کوردەکانى عێراق و سوریا).
پەنێڵەکە لەلایەن بەرنامەی بیناکردنی ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ لە زانکۆی کۆڵۆمبیای ئەمریکی وە بە هاوکاری ڕێکخراوی دادپەروەری بۆ کوردەکان ڕێکخرابوو لە ژێر سەرپەرشتی دەیڤد فیلیپس، بەڕێوەبەری بەرنامەی بیناکردنی ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ لە زانکۆی ناوبراو بەڕێوەچوو. هەریەک لە ئۆستن هۆلمس لە سنتەرى وودرۆ ویڵسن، د. دلاوەر عەلائەدین، بەڕێوەبەرى پەیمانگاى دیراساتى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و هیوا عوسمان، ڕۆژنامەنووس و ڕاوێژکارى میدیاى پێشووى سەرۆک مام جەلال تاڵەبانى بەشداری پەنێڵەکە بوون.
بەشداربووان باسیان لە کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و عێراق و باکووری خۆرهەڵاتی سوریا کرد، هەروەها چالاکی سەربازی تورکیا لە ناوچە کوردییەکان، چارەنووسی کۆمەڵگەی ئێزیدی لە سوریا، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەڕەشەکانی داعش لە عێراق، یەکڕیزی کورد لە سوریا و ڕۆڵی ئەمریکا و وڵاتە زلهێزەکانی تر کە کاریگەرییەکان لەسەر خۆهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.
لە پەنێڵەکەدا، سەفین دزەیی تیشکی خستەسەر ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە ئێستا زیاتر لە ١ ملیۆن ئاوارەو پەنابەری لەخۆگرتووە، وە مەترسییەکان بۆ سەر پێکهاتە ئاینییەکان کە تاوەکو ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان بەهۆی هەڕەشەی داعش و میلیشیاکانەوە، هەروەها پێویست بەبوونی میکانیزمێکی سەربازی هاوبەش لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند لە پێناو پاراستن و سەقامگیری ناوچەکە بەتایبەتیش ناوچە کێشە سەرەکان.
لە بەشێکی تریشدا، بەڕێزیان ئاماژەی بەوەکرد کەوا زۆرێک لە کڵێسا و شوێنی پەرستنی ئایینە جیاجیاکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خاپوور کراون، بەڵام لە هەرێمی کوردستان توانیویانە دووبارە دروستی بکەنەوە ئەمەش شانازییە بۆ کەلتووری پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە هەرێم.
سەفین دزەیی هەروەها ووتی ئۆپەڕاسیۆنە سەربازییەکان کێشەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە چارەسەر ناکات، لە پێکدادانەکانی نێوانیشیاندا خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستان بوونەتە قوڕبانی. هەروەها باسی لە هەوڵی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ لێک نزیککردنەوەی پارتە سیاسییەکان لە باکووری خۆرهەڵاتی سوریا، وە ئاماژەی بەوە کرد کەوا کوردەکانی سوریا مافی خۆیانە نوێنەرایەتی دەنگ و پارتە سیاسی جیاواز بکەن.
لەم لینکەی خوارەوە سەیری تەواوی پەنێڵەکە بکە.