بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ بەڕێوبەری ڕێکخراوی پرۆمیدێشن کۆبووەوە
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ 23ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی 2020، سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ ئیریک بلانجوت بەڕێوبەری ڕێکخراوی پرۆمیدێشن کۆبووەوەو باسیان لە پرسی ئاوارەو پەنابەران و بارودۆخی شنگال کرد.
بەرێوەبەری ڕیکخراوی پرۆمیدێشن باسی لە دوایین کاروچالاکی ڕێکخراوەکەیان کرد کە زیاتر پەیوەست دەبێت بە دووبارە ئاوەدانکردنەوەو بونیاتنانەوەی شنگال و هاوکاری کردنی ئاوارەکان بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە باسی لە بارودوخی ئاوارەو پەنابەران کرد لە هەرێمی کوردستان کە ماوەی چەند ساڵێکە هەرێمی کوردستان بە سەدان هەزار ئاوارەی ناوخۆیی و پەنابەری سوری لەخۆگرتووەو بە گوێرەی توانا پێداویستیەکانی بۆ دابین کردوون.
هەروەها سوپاسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان كرد کە ڕۆڵیان هەبووە لە کۆمەک و یارمەتیدانی ئاوارەو پەنابەران.
هاوکات سوپاسی رێکخراوی پرۆمیدێشنی کرد بۆ ئەو چالاکیانەی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدەن.