Skip to the content

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوه لەگەڵ کونسوڵى گشتى روسیاى فیدرال کۆبووەوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ 4ى تشرینى دووەم (نۆڤەمبەر)ی 2020 سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لە ئۆلێگ لێڤین کونسوڵى گشتى کۆمارى ڕوسیاى فیدرال لەهەرێمى کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەکە، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە ئاماژەى بە گرنگى پەیوەندى نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتى ڕوسیا کرد و ئاماژەى بە پتەوکردنى زیاتری پەیوەندیەکانى نێوان هەردوولا کر بە تایبەت لە بوارەکانى بازرگانى و خوێندنى باڵا، هاوکات سوپاسی حکومەتى ڕوسیاى کرد لە ڕەخساندنى کورسی خوێندن کە ساڵانە لەلایەن حکومەتى ڕوسیا دەیبەخشێتە هەرێمى کوردستان.

لێڤین، سوپاسی پێشوازى و ئەنجام دانى ئەم کۆبوونەوەى کرد و ئاماژەى بەوەدا لە ماوەى ڕابردوو ناوبراو لە روسیا بووە و حکومەتى ڕوسیا بە گرنگیەوە دەڕوانێتە بەهێزکردنى پەیوەندى لەگەڵ هەریمى کوردستان لەسەر چەندین ئاست و خواست و ویستى حکومەتى ڕوسیا بریتیە لە فراوان کردنى ئەم پەیوەندیانە، بە تایبەت کە مێژووى پەیوەندى دوولایەنەى نێوان هەردوولا لەسەر ئاستێکى بەرز دایە بەهۆى ئەو سەردانانەى لە ئاستى باڵا ئەنجام دراون و لە داهاتووشدا چاوەرێی زیاترى سەردانى بەرپرسانى هەردوولا دەکرێت.

لەتەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵەکانى ڕووبەڕووبوونەوەى پەتاى کۆڕۆنا و پێویستى حکومەتى هەریم بە یارمەتى و شارەزایی ڕوسیا لە ئاست ڕووبەڕووبوونەوەى ئەم پەتایە كرا، هاوکات باس لە دوایین پێشهاتەکانى هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا.