Skip to the content

بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا کۆبووەوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا کۆبووەوە کە پێکهاتبوو لە کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێم ئۆلیڤەر دیکۆتینگ و بەرپرسی قەیرانەکان لە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنساو شاندی یاوەریان.

لەم دیدارەدا شاندی میوان باسیان لە کارو چالاکی و بەرنامەکانیان کرد لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری مرۆیی و سیاسی و باشترکردنی بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران، هەروەها رێکەوتنی شنگالیان بەگرنگ وەسف کرد وەک فاکتەرێکی گرینگ بۆ بینیادنانەوەو ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەرانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.

بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە پوختەیەکی لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان و ڕەوشی ئاوارەو پەتابەران خستەڕوو.
بەڕێزیان ئاماژەی بە پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان کرد لەگەڵ حکومەتی فەرەنسا و هاوکاریەکانی حکومەتی فەڕەنسای بەرز نرخاندو سوپاسی هەڵوێستی بەردەوامی فەڕەنسای کرد بۆ یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان لە قۆناغە جیاجیاکان.

لە بەشێکی دیكەی کۆبوونەوەکە هەردوولا گفتوگۆیان کرد دەربارەی پێشهاتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق بە تایبەتی و ناوچەکە بەگشتی.