جێگرى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لە کونسولى گشتى کۆمارى هیند لەهەرێم کرد
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)-دابان شەدەڵە جێگرى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازى لە سوبهاش چاندرا کین کونسولى گشتى کۆمارى هیند لە هەرێمى کوردستان کرد.
جێگرى بەرپرسى فەرمانگە پوختەیەکى لەسەر بارودۆخى هەرێمى کوردستان و هەوڵەکانى حکومەت بۆ زیاتر فراوانکردنى پەیوەندییەکان خستەڕوو.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد هەرێمى کوردستان خوازیارە لەبوارەکانى ئابوورى و بازرگانى و كولتوور پەیوەندییەکانى لەگەڵ کۆمارى هیند بەرەوپێش ببات.
چاندرا کین خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بۆدەستبەکاربوون وەکو کونسولى گشتى هیند لە هەرێمى کوردستان و هاوکات پیرۆزبایى لە جێگرى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە کرد بە بۆنەى دەستبەکاربوونى.
هەروەها سوپاسى حکومەتى هەرێمى کوردستان و فەرمانگەى پەیوەندییەکانی دەرەوەى کرد لە هەماهەنگى کردن لەگەل کونسولگەرى گشتى وڵاتەکەیان لە هەرێم.