جێگرى بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازى لە کونسوڵى گشتى فەڕەنسا کرد
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ 5 ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی 2020 دابان شەدەڵە، جێگرى بەرپرسی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لە ئۆلیڤیێ دیكۆتینیێ کونسوڵى گشتى کۆمارى فەرەنسا لە هەرێمى کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا کونسوڵى گشتى بە ناوى خۆی و کونسوڵگەرى گشتى فەڕەنسا پیرۆزبایی لە جێگرى بەرپرسی فەرمانگە کرد بەبۆنەى دەست بەکاربوونى و هیواى سەرکەتنى بۆ بەڕێزیان خواست.
لەلایەن خۆیەوە جێگرى بەرپرسی فەرمانگە سوپاسی كونسوڵی کرد و ئاماژەى بەوەدا سیاسەتى حکومەتى هەرێم بریتیە لە پتەو کردنى پەیوەندى دوولایەنە لەگەڵ نێردەى ووڵاتان لە هەرێمى کوردستان و هاوکات پەیوەندى نێوان حکومەتى فەڕەنسا و هەرێمى کوردستانى بە گرنگ وەسف کرد و ئاماژەی بەوە كرد لەهەموو بارۆدۆخە سەختەکان فەڕەنسا لە پێشینەى ووڵاتانى دۆست بووە بۆ هاوکارى و پشتگیرى کردنى هەرێمى کوردستان و ئەمەش وا دەکات ئەو پەیوەندیانە بەرەو پێش بچن و چەندین بوارى دیکە لە خۆ بگرێت.
کونسوڵى گشتى فەڕەنسا دووپاتى ئەوەى کردەوە حکومەتى فەڕەنسا بەردەوام دەبێت لە پشتگیرى و هاوکارى حکومەتى هەرێم و ئەو پەیوندیانەشى بە گرنگ وەسف کرد و ئاڵوگۆڕى شاندى دوولایەنە لەسەر ئاستى باڵاى هەردوولا دەرخەرى ڕاستى ئەو پەیوەندیانەن.
تەوەرى دیکەى کۆبوونەوەکە باس کردن بوو لە دوایین پێشهاتەکانى هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە.