Skip to the content

بالیۆزى نەرویج لەبەغدا سەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد

هەولێر هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD- چوارشەممە ٢١ ی تشرینی یەكەم (ئۆكتۆبەر)ی ٢٠٢٠ خاتوو تۆن ئالێرز باڵیۆزى نەرویج بۆ عیراق و نیشتەجێى ئوردن بە هاوەڵى هەلسورێنەرى کاروبارى بالیۆزخانەى نەرویج لە عیراق سەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد و لەلایەن بەڕێز سەفین دزەیى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە پێشوازى لێ کرا.

لەکۆبوونەوەکە هەردولا باسیان لە دوایین پێشهاتەکانى گۆرەپانى سیاسى عیراق و هەرێمى کوردستان کرد و جەختیان لە پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى نەرویج کردەوە. بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە سوپاس و پێزانى هەرێمى کوردستان بۆ ئاستى پەیوەندیەکان لەگەل نەرویج و بەتایبەتى کە نەرویج لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش ئەندامێکى کارایە دەربڕى. هاوکات پیرۆزبایی لە وڵاتی نەرویج کرد کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

بەرپرسی فەرمانگە سوپاسى گەل و حکومەتى نەرویجى کرد بۆ ئەو هاوکاریە مرۆییانەى لەرێگەى رێکخراوەکانیان پێشکەشی ئاوارەو پەنابەرانى دەکەن. هەروەها داواى کرد کە زیاتر پەرە بەکەرتەکەکانى پەرەوەردە و تەندروستى و ئابوورى و ئاڵوگۆڕى کەلتورى بدرێت. لە تەوەرێکى تر باسیان لە بارودۆخى ئاوارە و پەنابەران کرد لە هەرێمى کوردستان.