حكومەتی بەریتانیا: به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک پەیوەندیەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەپارێزین
هەولێر ، هەرێمی كوردستان،عیڕاق (GOV.KRD)- کاروان جەمال تاهیر نوێنەری حکومه‌تی هەرێمی کوردستان له به‌ریتانیا سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیای کرد‌و له‌لایه‌ن جه‌یمس کلێڤه‌رلی وەزیری ده‌ره‌وه و په‌ره‌پێدان بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشوازی لێ‌کرا.
لە دیدارێکدا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاس وپێزانینی حکومەت وگەلی کوردستانی گه‌یانده حکومەتی بەریتانیا بۆ بەردەوامی پشتیوانییه‌کانیان لە هەرێمی کوردستان.
هه‌ر له‌دیداره‌که‌دا نوێنەری حکومەت لە بەریتانیا پوخته‌یه‌کی لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یوه‌ندی دولایه‌نه‌ی نێوان به‌ریتانیا و هه‌رێمی کوردستان خسته‌ڕوو، ڕاشیگه‌یاند هه‌رێمی کوردستان ده‌خوازێت ئه‌و په‌یوه‌ندیانه زیاتر به‌ره‌وپێش ببات به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ئاستی ئابووری و كولتووری وزانستی، ئه‌مه له‌کاتێکدایه که ده‌رفه‌تێکی زۆری وه‌به‌رهێنانی بیانی هه‌یه له هه‌رێمی کوردستان، هاوکات خواستێکی زۆری په‌ره‌پێدان بۆ خوێندن هه‌یه له‌لایه‌ن هاووڵاتیانی هه‌رێمی کوردستان که درێژه به‌خوێندن بده‌ن له به‌ریتانیا وله‌و ڕووه‌وه نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم داوای‌کرد کارئاسانی زیاتر بکرێت.
ته‌وه‌رێکی دیكەی دیداره‌که تایبه‌ت بوو به‌دواین ڕوداوه‌کانی گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق وهه‌رێمی کوردستان وپه‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌ردولا ، به تایبه‌تی گرژییه ئه‌منیه‌کانی ئه‌م دواییانه ،لەم بارەیەوە نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند هه‌رێمی کوردستان به‌توندی ئیدانه‌ی هه‌رجۆره هێرشێکی سه‌ر نێرده دیپلۆماسییه‌کان و باڵێۆزخانه‌کان ده‌كات و پشتیوانی حکومه‌تی فیدڕاڵ ده‌بێت له چاره‌سه‌رکردن و دابینکردنی ئارامی.
له‌به‌رامبه‌ردا جه‌یمس کلێڤه‌رلی وەزیری ده‌ره‌وه و په‌ره‌پێدان بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستایشی ڕۆڵی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و خه‌ڵکی کوردستانی کرد و په‌یوه‌ندیه‌کانی به‌ریتانیای له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان به‌رزنرخاند و ڕایگه‌یاند که به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئه‌و په‌یوه‌ندیانه ده‌پارێزین، وبه‌هێزی و پێشکه‌وتنی هه‌رێمی کوردستان له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ‌دا خواستمانه و له په‌رژه‌وه‌ندی به‌ریتانیادایه.