Skip to the content

نوێنەری حکومەت لە یەکێتی ئەوروپا سەردانی وەزارەتی دەرەوەی لوگزامبۆرکی کرد

هەولێر، هەرێمی كوردستان، عیراق (GOV.KRD)- دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ یەكێتی ئەوروپا وشاندی یاوەری سەردانی وەزارەتی دەرەوەی لوگزامبۆرکی کرد ولەلایەن باڵیۆز ئۆلیڤیەر ماس بەرێوەبەری گشتی بەشی سیاسی وەزارەت و کریستیان شتەینباگ بەرپرسی دۆسەی عێراق پێشوازیان لێوەکرا.

لەدیدارەکەدا ئاژگەیی بە وردی باسی دۆخی سیاسی وئەمنی و ئابووری هه‌رێمى كوردستان و په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كاني کرد و جه‌ختى له‌خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق كرده‌وه‌ وئاماژەی بەهەوڵە‌كانى به‌رده‌م هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنا و تێپه‌ڕاندنى دۆخى ئابوورى و دارايى وپرۆسه‌ى چاكسازى له‌هه‌رێمى كوردستان کرد.

لەبەشێکی دیكەی دانیشتنەکەدا مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش خرانە بەر باس و گفتگۆ ونوێنەری حکومەت جه‌ختى له‌ پێويستي هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌رده‌وامي پشتگيريى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر كرده‌وه‌.

پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان ولوگزامبۆرگ لەبواری ئابووری و وەبەرهێنان وبازرگانی تەوەرێکی دیكەی کۆبوونەوە بوون و هەردوولا جەختیان لەسەر پەرەپێدان بەپەیوەندیەکان کردەوە بە تایبەتی لە رووی پشتگیری لە کەرتی کشتوکاڵ و وەبەرهێنان.

جێگەی ئاماژە پێدانە لوگزامبۆرگ كە ئەندامە لە یەکێتی ئەوروپا ولە رووی ئابووری و سیستەمی بانک و کارگۆی نێودەوڵەتی رۆڵی گرنگی هەیە و یەکێک لەو وڵاتانەی هاوکاری دارایی پێشکەش بەپرۆژەکانی یەکێتی ئەوروپا لەهەرێمی كوردستان دەکات.