کونسوڵى تازەى کۆمارى میسرى عەرەبى لە هەرێم دەستبەکاربوو
هەرێمی كوردستان، عیراق (GOV.KRD)- بەبۆنەى دەستبەکاربوونى وەک کونسوڵى تازەى کۆمارى میسرى عەرەبى لە هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی تشرینی یەكەم (ئۆكتۆبەر)ی ٢٠٢٠ محەمەد وەجیه حیجازی بەیاوەرى شاندێک سەردانى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى کردو لەلایەن سەفین دزەیى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشوازى لێکرا.
لە دیدارەکە سەفین دزەیى بە ناوى فەرمانگە وحكومەتی هەرێمى کوردستان بەخێرهاتنى کرد وپیرۆزبایی دەستەبەکاربوونى لە کونسوڵى تازەى میسر لە هەرێم کرد و هیواى سەرکەوتنى لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و ئامادەیی فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە و دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى نیشاندا بۆ سەرخستنى کارەکانیان لە هەرێمى کوردستان.
سەفین دزەیى خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە بوونى نوێنەرایەتى دیپلۆماسى کۆمارى میسر لە هەرێم و ئاماژەی بەوە كرد کاریگەرى باشى هەبووە لەسەر زیاتر پێشخستنى پەیوەندییە دووقۆڵیەکان و بوارەکانى دیکەى ئابوورى بازرگانى و کەلتوورى. هەروەها تیشکى خستە سەر پەیوەندى لە مێژینەى نێوان گەلى کوردستان و گەل و حکومەتى کۆمارى میسرى عەرەبى. هەر لەم سۆنگەیەوە هەردوولا کۆکبوون لەسەر چڕکردنەوەى هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانى زیاترى ئەو پەیوەندیانە لە بوارە جیاوازەکاندا کە لە خزمەت و بەرژەوەندى هەردوولادابێت.
کونسوڵى تازەى میسر لە هەرێم خۆشحاڵى خۆى بۆ ئەو کۆبوونەوەیە دەربڕى و ویستى وڵاتەکەى دووپاتکردەوە کە دەخوازن ئاستى پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان لە بوارە جیاجیاکان بەرەوپێش ببەن. لەم بارەیەوە ئەوەشی خستەڕوو هەرچەندە پەتاى کۆڕۆنا وناسەقامگیرى ناوچەکە هەندێ لە کارەکانیان سست کردووە بەڵام میسڕ ئەو ویستەی هەیە کە بە شێوەى بەرفراوان پەرە بە پەیوەندییەکانی بدات بە تایبەت لەبوارى گەیاندن و دەرمانسازى و گەشتى ئاسمانى، هاوکات هانى کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی دەدات سوود لە درفەتى کار ببینن.
لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانى ناوچەکە بەگشتى و یەکخستنى هەوڵەکان کرا بۆ رووبەڕووبوونەوەى تیرۆریستان و پەتاى کۆڕۆنا، هاوکات هەوڵبدرێت کەلتوورى پێکەو ژیانى ئاشتیانە لە نێوان گەلانى ناوچەکە قووڵتر بکرێتەوە.