بەبۆنەى ٣٠ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر بڕیارى ٦٨٨ ، لە هەولێر شەقامێک بەناوی جۆن مێجەرو شەقامێک بەناوى نەواى ئارام کرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە یادی 30 ساڵەی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایش لەژێر چاودێریی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر، بە هەماهەنگى نێوان فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەو وەزارەتى شارەوانى دوو شەقام بەناوى "سێر جۆن مەیجەر" سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیاو "نوای ئارام" ناوزەدکران.
مەڕاسیمەکە بە ئامادەبوونی ساسان عەونى وەزیرى شارەوانى و سەفین دزەیی بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت و ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێرو جەیمس سۆرنتن، کۆنسوڵی گشتى بەریتانیا لە هەرێم و بەرپرسانى دیکەى حکومى و میوانان بەڕێوەچوو.
لەکاتی پەردەلادان لەسەر شەقامی "سێر جۆن مێجەر" سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "30 ساڵ لەمەوبەر لەشکری پێشووتری عێراق بە دڕندەترین شێوە هەوڵی پاکتاوکردن و لەنێوبردنی سەرهەڵدانی شیعەکان لە باشووری عێراق و گەلی کوردستانیدا، ئەمەش بووە مایەی نیگەرانییەکی زۆری خەڵکی کوردستان، خەڵک لە شوێنی خۆی ئارامی نەگرت و رووی لە چیاکان کرد کە ئەوکات تەنیا چیاکان دۆست و هاوڕێمان بوون، بەهۆی ئەوەی کە زیاتر لە ٤ هەزار گوند و لادێ وێران کرابوون، خەڵک کە کۆڕەوی کرد لە هیچ شوێنێک نەحەسانەوە، چونکە هەمووی وێرانی بوو، کۆڕەوی ملیۆنیش بووە وەرچەرخانێک لە مێژووی گەلەکەمان".
لە ساڵی ١٩٩١ لە ئەنجامی درێژەدانی سوپای بەعس بە هێرشەکانی بۆ سەر گەلی کوردستان وایکرد، فەرەنسا و دوو هاوپەیمانە رۆژئاواییەکەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، واتە بەریتانیا و ئەمریکا بڕیاربدەن ناوچەی دژەفڕین بەسەر هەرێمی کوردستاندا رابگەیێنن.
لە بەشێكی دیکەی گوتارەکەیدا سەفین دزەیی رایگەیاند: "راستە خەباتی بێوچانی گەلەکەمان لە سەرەتای سەدەی بیستەم تا ئەمڕۆکەش بەشێوازی جیا جیا لە شاخ و لە شار، خەباتی پێشمەرگە و قوربانیدانی گەلەکەمان بێوێنە بووە، بەڵام کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١ ویژدانی مرۆڤایەتی لە سەرتاسەری جیهان هەژاند، هەوڵێکی زۆر درا بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێتە دەنگ، ئەوە بوو لە فەرەنسا سەرۆکی کۆچکردوو فرانسوا میتران، لە بەریتانیاش سەرۆکوەزیران سێر جۆن مێجەر هەموو هەوڵی خۆیاندا کە بڕیاری ٦٨٨ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەربکرێت".
بڕیاری ٦٨٨ چەترێکی دابینکەری ئاسایش و سەقامگیری بوو و سەدان هەزار هاونیشتیمانی لەژێریدا حەسانەوە؛ پاراستنی کورد لە هەڕەشەی دەستی سەدام تاوەکو ساڵی ٢٠٠٣ بەردەوام بوو و لەو ساڵەشدا ئەمریکا و بەریتانیا و چەند هاوپەیمانێکیان کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەعس هێنا.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان گوتى: "راستە ئەو بڕیارە گشتگیربوو بە بابەتی مرۆیی و مافی مرۆڤ و راگرتنی پاکتاوکردن و ستەم لەلایەن رژێمەوە، بەڵام دواتر بووە بەردی بناغە بۆ فراونکردنی کارەکانیان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، لەشکری چەندین وڵات روویان لە کوردستان کرد بۆ ئەوەی ئارامی ئەو ناوچانە بپارێزن و وردە وردە خەڵکەکە بگەڕێتەوە شوێنی خۆی".
سەفین دزەیی باسی لەوەشکرد، "ئەو بارودۆخەی لە کوردستان هاتووەتە ئاراوە، بەئاسانی نەبووە، هەمیشە مەترسیی لەسەرە، بۆیە هاوپەیمانان ئەو وڵاتانەی کە هاوکار بوونە، پێویستە لە قۆناغی داهاتووش هاوکارمان بن، پێویستە ئەو دەستکەوتانە بپارێزن، ئەمڕۆ کوردستان بووەتە نموونەی پێکەوەژیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بووەتە نوایەکی ئارام بۆ خەڵکی عێراق، لە کاتی هێرشی داعش دوو ملیۆن عێراقی بە هەموو پێکهاتە جیا جیاکانەوە روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، ئەمڕۆش نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە و پەناهەندە لە هەرێمی کوردستان بە ئازادی ژیان بەسەر دەبەن".
دواتر هەر لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ژمارەیەک لە کۆنسوڵخانەی وڵاتان لە هەولێر شەقامێکی دیکە بەناوی "نوای ئارام" ناونرا.
وەکو نیشاندانی وەفایەک بۆ سێر جۆن مەیجەر، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، کە هاوشانی سەرکردەکانی فەرەنسا و ئەمریکا وەستا بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ دروستکردنی هەرێمی نەفڕین، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان شەقامێک بەناویەوە کرا.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لێنزی کامێراکان وایان کرد کە ئەو کارەساتە بگوازرێتەوە نێو هەموو ماڵێک لە دونیای دەرەوە، ئەوەش وایکرد کە گوشار لەسەر سەرکردەکانیان بکەن بەمەبەستی ئەوەی جووڵەیەک بکرێت لە ئاستی نێودەوڵەتی.
بڕیاری ٦٨٨ دەرچوو بەمەبەستی دروستکردنی ناوچەی ئارام، هەرچەندە لە سەرەتا چوارچێوەی بڕیارەکە سنووردار بوو، بەڵام بە سرووشتی کارەکە و فراوانبوون و ناوچەی ٣٦ی دژە فڕین، وایکرد هەرێمی کوردستان و بەرەی کوردستانی خۆی ئیدارەی خۆی بکات، هەڵبژاردنی لێ بکەوێتەوە و حکومەتی لێ دروستببێت".
دوای تێپەڕبوونی ٣٠ ساڵ بەسەر بڕیارەکەدا، بەریتانییەکان شانازی بەوەوە دەکەن کە هۆکارێک بوون بۆ دەرچوونی بڕیارەکە، کۆنسوڵی بەریتانیا لە رێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر تابلۆی شەقامەکە ئامادەبوو.
هەر لەمیانی بەشداریكردنی لە رێوڕەسمی ناونانی شەقامێكی ھەولێر بەناوی جۆن مەیجۆر سەرۆك وەزیرانی پێشتووتری بەریتانیا. جەیمس سۆرنتن، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: "بەناوی جۆن مەیجەر و ھەموو گەلی بەریتانیا سوپاسی ئەم ھەڵوێستەی گەلی كورد و حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەم، ئێستا كە كورد گەیشتووەتە ئەم ئاستە جۆن مەیجەر ھەست بە شانازی دەكات".
گوتیشی: "ئەوەی سەدام حوسێن لە ساڵی ١٩٩١ دژی راپەڕینی گەلی كورد كردی كارەساتێكی گەورەبوو، كە ملیۆنان كەس روویان كردە سەر سنوورەكانی ئێران و توركیا، زۆربەیان لە رەوشێكی نالەبار دەژیان، بەڵام ئەوكات وێنە نەھامەتییەكان پیشانی ھەموو دونیا دران، سەفین دزەیی یەكێك بوو لەو كەسانەی ئەوكات وەك چالاكوانێك لە بەریتانیا دەژیا رۆڵی ھەبوو لە گەیاندنی ئەو كارەساتەی بەسەر گەلی كوردا ھات".
كونسوڵی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەوكاتە لە مانگی ئادار و نیسانی ١٩٩١ قەیرانێكی گەورەی مرۆیی ھاتە ئاراوە، ھەڵوێستی ئەوكاتی گەلی بەریتانیا ھەرگیز لەبیر ناكرێت، بە سەدان ھەزار تەن خواردەمەنی و پێداویستییە سەرەتایی و تەندروستییەكانیان لە رێگەی رێكخراوە خێرخوازییەكان بۆ ئاوارەكانی كوردستان رەوانە كرد، ھەڵوێستی ئەوكاتی سێر جۆن مەیجەر سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا رۆڵی گرنگی ھەبوو بۆ ئەوەی حكومەتی بەریتانیا ھەوڵی جدی بدات بۆ راگرتنی ھێرشەكانی سەدام حوسێن بۆ سەر گەلی كورد و بڕیاردان بۆ دامەزراندنی ھەرێمی ئارام یان دژەفڕین، بۆیە لەسەر پێشنیازی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی بەریتانیا پڕۆژە بڕیاری ٦٨٨ بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش، بۆ ئەوەی ھەڵوێستی جدی دژی رژێمی بەعسی عێراق وەربگیرێت، دواتر دوو قۆناغی تێپەڕاند یەكەم بەریتانیا ھێزی تایبەتی رەوانەی ناوچەكە كرد، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پەنابەران بكات، پاش ئەوە دەستپێشخەریمان كرد سەرپەشتی ناوچەی ھەرێمی دژەفڕین بكرێت رێگە نەدرێت فڕۆكەكانی سەدام حوسێن بۆردومانی پەنابەر و ئاوارەكان بكەن".
ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو پارێزگاری كردنە وایكرد ھەرێمی كوردستان دروستبێت، لە ھەمانكاتدا ئەو پەیامەی گەیاند كە كورد بە تەنیا نییە. راستە ئێستا ھەرێمی كوردستان كێشەی ھەیە، بەڵام لە ئاستێكی زۆر باش دایە".
راشیگەیاند: "دەبێ پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و ئەندامانی كابینەی حكومەت بكەین بۆ گفتوگۆ و رێككەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر بودجە، دەزانم چەندین پرسی دیكە ھەن وەك كێشەی ئەمنی و ناوچە كێشە لەسەرەكان، بەڵام ئێستا ھەرێمی كوردستان ھێزی ئەمنی و پێشمەرگەی ھەیە، باوەڕناكەم ھیچ ھەرێمێكی تر وەك ھەرێمی كوردستان بەھێز ھەبێت".
پاشان لە مەراسیمێكی جیادا، پەردە لەسەر ناوی شەقامی "نوای ئارام" لادرا كە شەقامێكی گرینگی شاری هەولێرە و دەكەوێتە تەنیشت منارەی شێخی چۆلی، لەمیاندا لەپاڵ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە كونسوڵی وڵاتانی: ئەمەریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، توركیا و هۆڵەندا، ئیتاڵیا، كەنەدا، ڕۆمانیا. بە یاوەریی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەك بەرپرس و كارمەندی دیكەی حكوومەت و دەزگاكانی راگەیاندن بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەكەدا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، گرینگیی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی هێنایەوە بیر كە چۆن پێش ٣٠ ساڵ هۆكاری سەرەكیی ڕزگاركردنی گەلی كورد بووە لەدەست هێرش و پاكتاوی ڕژێمی بەعس و بەناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و گەلی كوردیش سوپاسی هەڵوێستی بەردەوامی ئەو وڵاتانەی كرد.
هەر لەو مەراسیمەدا، بەڕێزان بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت و کونسوڵى گشتى ئەمەریکاو کونسوڵى گشتى تورکیاو جێگرى کونسوڵى گشتى فەڕەنسا ووتاریان پێشکەش کرد.