سەفین دزەیی لەگەڵ ياریدەدەری تازەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عیراق (UNAMI) کۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک ياریدەدەری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عیراق، ئەمڕۆ سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت پێشوازی لە خاتوو ئینگیبیۆرگ شۆلرون گیسلادوتیش و بەپرسی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەرێمی کوردستان کرد.
سەفین دزەیی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە خاتوو ئینگیبیۆرگ کردو هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست، بەڕێزیان ستایشی کارو بەرنامەکانی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یۆنامی لە هەرێمی کوردستان و عیراق کرد کە لە زۆربەی بوارەکان ڕۆلی بەرچاویان هەیە لە چارەسەرکردنی گرفتەکان و پێشکەشکردنی هاوکاری لۆجیستی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و یارمەتیدانی ئاوارەو پەنابەران.
ياریدەدەری تازەی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەەکان بۆ یارمەتیدانی عیراق خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو دیدارە دووپاتکردەوە گوتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە جێبەجێ کردنی بەرنامەکانی لە هەرێمی کوردستان و تەواوی عیراق. هاوکات رۆلمان دەبێت لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان و نەهێشتنی گرژی و ناکۆکییەکان وێڕای بەردەوامبوون لەسەر بەرنامەی یارمەتی مرۆیی بۆ ئاوارەو پەنابەران.