سەفین دزەیی: کۆچی دوایی زاناو پرۆفیسۆری کورد نادر نادرۆڤ خەسارەتێکی گەورەیە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- بە داخەوە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤/٨/٢٠٢١ هەواڵی کۆچی دوایی ئەکادیمی و زانای کورد پرۆفیسۆر نادر کەریم نادر ناسراو بە نادر نادرۆڤم پێگەیشت.
نادرۆڤ یەكێك بوو لە ئەکادیمی و زاناكانی بواری پترۆ- كیمیاوی لەسەر ئاستی جیهان. ئەندامی كۆمەڵەی گەلانی كازاخستان بوو. یەکێک بوو لە بیرمەندە کوردەکانی سۆڤیەتی جاران، خاوەنی سەدان توێژینەوەو داهێنانی زانستیەو لەماوەی ژیانیدا 35 کتێبی بەچاپ گەیاندووەو چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و جیهانی بەدەستهێناوە.
بەم بۆنە خەمناکە پرسەو سەرەخۆشی لەخانەوادەو کەس و کارو دۆستانی خوالێخۆشبوو و تەواوی کوردانی سۆڤیەتی جاران دەکەم. خوای گەورە بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات.
سەفین دزەیی
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت