بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ شاندێکی باڵای ڕێکخراوی UNODC سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای ڕێکخراوی UNODC بەسەرۆکایەتی عەلی بەریر، بەرپرسی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەست بە تاوان و ماددەی هۆشبەر لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، ڕێکخراوی ناوبراو بەرنامە و پڕۆژە و چالاکییەکانی خۆیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
باسیان لە چۆنییەتی ڕێگری کردن لە تاوان و ریفۆرم لەبواری دادوەری کرد ئەویش بە کردنەوەی وۆرک شۆپ بۆ پەرەپێدانی تواناکان.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی شاندی ناوبراو کرد و هەروەها سوپاسی UNODC کرد بۆ کار و چالاکییەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
لەلایەکی دیکەدا، بەرپرسی فەرمانگە جەختی لەسەر بابەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کردەوە و گوتی دەبێ هەموومان هاوکار بین بۆ ئەوەی ڕێگە لەم دیاردەیە بگیرێ.
پوختەیەکیشی لەبارەی بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد و جەختی لە پشتیوانی زیاتری مرۆیی بۆ ئاوارەو پەنابەران کردەوە.