Skip to the content

روونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سەر لەبەیانی رۆژی یەکشەمە رێکەوتی ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ تەرمی ١٦ قوربانی رووداوەکەی نۆکەندی ئینگلیز لەڕێگەی فرۆکەخانەی هەولێر گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان و رادەستی بنەماڵەکانیان کران.

هەر لە ڕۆژی یەکەمی رووداوەکە، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە فەرەنسا لەگەڵ لایەنی فەرمی لە حکومەتی فەرەنسا کەوتە پەیوەندی و بەدواداچوون بۆ یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە بێسەرووشوێن بوون.

دوای دۆزینەوەی ژمارەیەک لە تەرمەکان، بەداخەوە دەرکەوت کە ١٦ لە قوربانیانەکان هاونیشتیمانی هەرێمی کوردستانن، بۆیە لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی فەڕەنسا داوای بەڵگەنامە و پەنجەمۆری ئەو قوربانیانەی لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا کرد. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بە نووسراوێکی فەرمی لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە پەنجەمۆری زۆربەی ئەو قوڕبانیانەی بۆ ناردین، ئێمەش رادەستی تیمی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە  و پزیشکی دادییمان کرد، بەردەستبوونی پەنجەمۆرەکان ئاسانکاری تەواوی کرد بۆ ناسینەوەی ناسنامەی قوڕبانییەکان، دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان رۆژی چوارشەممە ١٥ی کانوونی یەکەمی٢٠٢١ لە نەخۆشخانەی شاری لیل بەڵگەنامە فەرمییەکانی هەر ١٦ تەرمەکە رادەستی نوێنەری نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە فەڕەنسا کرا، بە سوپاسەوە باڵیۆزخانەی عیراقی فیدڕاڵ لە پاریس هاوکار بوون لە پەسەندکردن (تەسدیق)کردنی دیکیۆمێنتەکان. دواتر لەسەر راسپاردە و ئەرکی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پرۆسەی گەڕاندنەوەی تەرمەکان لە رێگەی بەشی کارگۆی هێڵی ئاسمانی تورکی ئەنجام درا، لە بەرەبەیانی رۆژی ٢٦ کانوونی یەکەم تەرمی قوڕبانییەکان  گەیشتنەوە  فرۆکەخانەی هەولێر، دوای واژووکردنی دیکیۆمێنتی گەیشتن و تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان لە فرۆکەخانە لەلایەن نوێنەری فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، هەر شانزە تەرمەکە لە کارگۆی فرۆکەخانەی هەولێر رادەستی کەسوکاریان کرانەوە و لەرێگەی ئامبوڵانسەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، تا دوا مەنزڵگایان بەڕێکران.

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە پاریس، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی گشت ئەو لایەن و رێکخراو دەزگایانە دەکات کە خەمخۆرانە لە هەوڵی ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەم قوربانیانەدابوون، ئەرک و ماندووبوونیان بەرزدەنرخێنین، بەڵام  هاوکات داواکارین روحی ئەم قوربانیانە نەکرێتە بابەتی موزایەدە و بە حزبی کردن و هیچ مەرامێکی دیکە.

جارێکی دیکە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوڕبانییانی ئەو رووداوە دەکەین و هیوادارین چیدیکە نەبینە شاهیدی رووداوی هاوشێوە و داواش لە هاونیشتیمانیان بەتایبەتی گەنجەکانمان دەکەین کە چیدی فریوی قاچاخچیەکان نەخۆن و ئەو رێگا نایاسایی و پڕمەترسییانە نەگرنەبەر بەمەبەستی کۆچ.

 

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە فەرەنسا