بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت لەگەڵ کونسوڵی گشتی کۆریا لەهەرێم کۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمرۆ سێشەممە 2021/2/9 لە دیدارێکی نێوان سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت لەگەڵ چۆی کوانژین کونسوڵی گشتی کۆریا لەهەرێم، باس لە پەیوەندییە دووقۆڵیەکان و هاوکارى کردنى کەمپى ئاوارەو پەنابەران کرا.
کونسوڵی گشتی کۆریا ویستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هاوکات ستایشی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ دابینکردنی جێگەو ڕێگەو لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەو پەنابەران.
بەڕێزیان گوتی حکومەتی کۆریا بە بەهاى300هەزار دۆلار خێوەت و پێداویستی بۆ پەنابەران دابین دەکات ئەویش بە هەماهەنگى لەگەل وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم.
سەفین دزەیی سوپاسی کونسوڵی گشتی کۆریاو حکومەتی کۆریای کرد بۆ هاوکارییە مرۆیی و پزیشکییەکان، هیوای خواست کۆریا بەردەوامبێت لە ڕۆڵی چالاك و کاریگەری خۆی لە هەرێم.
هەر لە کۆبوونەوەکە باسى چالاکیەکانی کونسولگەرى و هەماهەنگى لەگەڵ فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە کرا.
دواتر باس لە دانووستانەکانى هەولێرو بەغداو دۆخی عێراق و ناوچەکەو گفتوگۆ و دەرەنجامەکان لەگەڵ بەغدا کرا.