Skip to the content

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا لەگەڵ دیپلۆماتکاران بەشداری لە کۆنفرانسی ئۆنلاینی ژووری بازرگانی پۆلۆنیا کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمرۆچوارشەممە 2021/2/3 نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا زیاد رەئووف بەشداری کرد لە کۆنفرانسی "Diplomeeting" کە ساڵانە بە بۆنەی دەست پێکی ساڵی نوێ رێک دەخرێت لە لایەن ژووری بازرگانی پۆلۆنیاوە بە ئامادەبونی نوێنەرانی دەسەڵات و دیپلۆماتکارانی ووڵاتانی بیانی، بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی ئابووری و بازرگانی نێوان پۆلۆنیا و ووڵاتانی دەرەوە.

دەستپێکی کۆنفرانسەکە بە ووتاری هەریەک لە بەڕێزان, سەرۆکی ژووری بازرگانی پۆلۆنیا و جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری گەشەپێدان و بریکاری وەزیری دەرەوە و سەرۆکی سندوقی گەشەپێدانی پۆلۆنیا دەستی پێکرد. لە میانی کۆبوونەوەکە بەڕێزان باسیان لە ڕەوشی ئابووری پۆلۆنیا کرد.

بەشی دووەمی کۆنفرانسەکە بریتی بوو لە گفتوگۆکردن لە نێوان دیپلۆماتکاران و کار بەدەستانی پۆلۆنیا وکۆمپانیاکانی پۆلۆنیا کە ئارەزووی کاردنیان هەیە لەگەڵ ووڵاتانی دەرەوە.

بەڕێز زیاد رەئووف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا زنجیرەیەک گفتوگۆی ئۆنلاینی ئەنجام دا کە تیایاندا لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیا پۆلۆنییەکانی کەرتە جیاجیاکان توانا و مەرجەکانی هاوکاری بازرگانی و ئابووری تاوتوێ کرد. کە لە ئەنجامی گفتوگۆکان دەرکەوت کە کۆمپانیا پۆلۆنییەکان ئارەزوویەکی زۆری وەبەرهێنان و هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان هەیە بۆ هەرێمی کوردستان و تەواوی عیراق. ئەو ڕاستیەش ئەوە دەسەلمێنێت کە سەرەرای ڕەوشی نالەباری پەتای کۆرۆنا کە ڕووی لە هەموو جیهان کردووە, تاکو ئێستا ڕەوشی ئابووری پۆلۆنیا بەرەو باشی ئەچێت و کۆمپانیا پۆلۆنییەکان زیاتر ئارەزووی فراوان کردنی چالاکییەکانیان دەکەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

شایەنی باسە ژووری بازرگانی پۆلۆنیا لە ساڵی 2019 ڕێککەوتننامەی هاوکاری لەگەڵ فیدراسیۆنی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان (KFCCI) واژوو کرد, وە لەهەمان کات شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری کشتوکاڵ خاتوو بێگەرد تاڵەبانی و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دکتۆر محمد شوکری بەشداریان کرد لە کۆبوونەوەی دیبلۆماسی "Diplomeeting" کە لە شاری وارشۆ ئەنجام درا.