جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشوازى لە کونسوڵى گشتی هۆڵەندا لەهەرێمى کوردستان کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە 2021/2/1دابان شەدەڵە جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشوازى لە هانس ئاکیربووم کونسوڵى گشتى هۆڵەندا لەهەرێمى کوردستان کرد.
لەدیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەى دۆخى سیاسى عیراق و هەرێمى کوردستان کرا، هەردولا هیواى خوازبوون لەگفتوگۆکانى بودجەدا ڕێکەوتنێکى باش جێبەجێ بکرێت کەلە بەرژەوەندى خەڵک دا بێت، هاوکات گفتوگۆ لەبارەى بەرەو پێش بردنى کەرتى کشتوکاڵ لەهەرێمى کوردستان کرا بۆ ئەمەش کونسوڵى گشتی هۆڵەندا پشتیوانى وڵاتەکەى بۆ بایەخدان بە کەرتى کشتوکاڵ و سامانى ئاو لەهەرێمى کوردستان دووپات کردەوە و ئەزمونى وڵات و کۆمپانیاکانى هۆڵەنداشى بۆ هاوکارى و بەرەو پێش بردنى ئەو کەرتە خستەڕو، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: بەم نزیکانە بەبەشدارى بەرپرسانى باڵاى هەردولا، بەمەبەستى پەرەپێدانى کەرتى کشتوکاڵ لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و وڵاتى هۆڵەندا ڕێکەوتنامەیەکى هاوبەش ئیمزا دەکرێت.
جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە لەپاڵ باس کردنى ئەزمونى وڵاتى هۆڵەندا لەکەرتى کشتوکاڵ و بەڕێوەبەردنى سامانى ئاو، داواى هەماهەنگى و پشتیوانى لە کونسوڵى هۆڵەندا کرد. لەو چوارچێوەیەشدا هانس ئاکیربووم ئامادەیى پشتیوانى و هاوکارى وڵاتەکەى دووپات کردەوە، بەتایبەت بایەخدان بە کەرتى پەروەردە و پەرەپێدانى توانا مرۆییەکان لە کەمپەکان، لەو چوارچێوەیەشدا پلان و بەرنامەى کارى وڵاتەکەى بۆ ساڵى 2021 پێشکەش کرد، کە بەنیازن لە عیراق و هەرێمى کوردستان ئەنجام بدەن.