سەفین دزەیی لەگەڵ کونسوڵی گشتی کۆماری چیك باسی لە دۆخی سیاسی و ئاسایشی هەرێم و یارمەتییە مرۆییەکان کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێ شەممە 2021/2/23 لەدیدارێکی نێوان سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت لەگەڵ میخائیل سڤوبودا کونسوڵی گشتی کۆماری چیك لە هەرێم باس لە دۆخی سیاسی و ئاسایشی هەرێم و ناوچەکە و کار و چالاکییەکان لە بوارە جیاجیاکان و هەماهەنگی دوولایەنە لە بەرژەوەندی هاوبەش کرا.
لە کۆبوونەوەکە کە دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگە ئامادەبوو، کونسوڵى گشتى کۆمارى چیک باسى لەکارو چالاکى کونسولگەرى لە بوارى هاوکارى مرۆیى و کەلتورى و رۆشنبیرى لە هەرێمى کوردستان کرد و سوپاس و پێزانینی ئاراستەی فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە کرد بۆ هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوام.
سەفین دزەیى پێزانینى هەبوو بۆ هەموو ئەو هاوکارییانەى حکومەتى کۆمارى چیک لە رێگەى کونسوڵگەرى گشتى کۆمارى چیک پێشکەشى هەرێمى کوردستانی دەکات بەتایبەتى لە بوارى تەندروستى و مرۆیى.
سەبارەت بە بارودۆخى ئاسایشى هەرێمى کوردستان و پاراستنى نێردە دبلۆماسیەکان، بەرپرسى پەیوەندییەکانی دەرەوە دڵنیاى کردنەوە کەوا پاراستنى ئاسایشى هەموو نێردە دبلۆماسیەکان لە ئەولەویاتى کارى حکومەتى هەرێمى کوردستانە و پارێزراو دەبن.
هەر لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆ کرا لەسەر سوود وەرگرتن لە ئەزمونی کۆمارى چیک لە بوارى فرەچەشن کردنى داهات و ئابوورى کە هاوتەریبە لەگەل بەرنامەى کاری حکومەتى هەرێمى کوردستان.