Skip to the content

لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانى کوردستان، بۆ بەدواداچوونى چەند پرسێک سەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتی کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 2021/2/23 بە مەبەستى خستنەڕووى چەند پرسێکى پەیوەست ئەرکى فەرمانگە لەهەمبەر دیپلۆماتکاران دواى هێرشەکەى سەر هەولێرى پایتەخت و سیاسەتى حکومەتى هەرێم بۆ فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ دونیاى دەرەوە، لە هۆڵى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە کۆبوونەوەیەکى فراوان لە نێوان سەفین دزەیی بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت بە ئامادەبوونى دابان شەدەڵە جێگرى بەرپرسى فەرمانگە لەگەڵ د.رێبوار بابکەیی سەرۆکى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانى کوردستان و ئەندامانى لیژنەو راوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتیەکانى فەرمانگە بەڕێوەچوو.

سەفین دزەیى بەخێرهاتنى ئامادەبووانى کردو خۆشحاڵى خۆى بە هاوکارى هەماهەنگى نێوان فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەو لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانى کوردستان نیشانداو گوتى بە چاودێریکردنى لیژنەکانى پەرلەمان، حکومەت دەتوانێ کارەکانى باشتر بەڕێوە ببات، کە ئامانجى هەردوولا خزمەتکردنى هەرێمى کوردستان و هاوڵاتیانە لە ناوەوەو دەرەوە.

دواتر د.رێبوار بابکەیی سەرۆکى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانى کوردستان گوتى وەکو لیژنە، هەماهەنگى دروستمان لەگەڵ فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە هەیەو بەیەکەوە کاردەکەین بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییەکانى هەرێم لەگەڵ دونیاى دەرەوە.

بەڕێزیان وێڕاى ئیدانەکردنى ئەو هێرشە تیرۆریستیەى بە مووشەک کرایە سەر هەولێر گوتى دەخوازین بزانین فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت دواى ئەو هێرشە هەنگاوەکانى چی بوون بۆ دڵنیاکردنى دیپلۆماتکاران لە هەرێم و پاراستنى ئاسایشی کونسوڵگەریەکان و لەسەر ئاستى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى ئیدانەکان چۆن بوون. هەروا ئاماژەى بەوەدا ئایا حکومەتى هەرێم لەبەرنامەیدایە نوێنەرایەتى زیاتر لە دەرەوە بکاتەوە؟

بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت گوتى دیارە ئەمە یەکەم هێرش نەبوو، دوا هێرشیش نابێت بۆ سەر هەرێمى کوردستان، بە تایبەت هەولێر و فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر کە هێزى سەربازى چەند وڵاتێکى لێیە لە چوارچێوەى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش یارمەتى هێزەکانى پێشمەرگە دەدەن. وەک حکومەتى هەرێمى کوردستان سوپاسیان دەکەین کە هاوکارمان بوون لە تێکشکاندنى تیرۆریستانى داعش.

بەڕێزیان گوتى لە ساتى یەکەمى رووداوەکە لەهەواڵى سەلامەتى ئەو دیپلۆماتانەمان پرسى کە نزیک لە رووداوەکە بوون، هاوکات لایەنى پەیوەندیدارمان ئاگادار کردەوە بۆ پاراستن و سەلامەتى زیاترى نێردە دیپلۆماسیەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لە هەرێم.

سەبارەت بە هەڵوێستى نوێنەرانى بیانى و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بۆ ئیدانەکردنى ئەم هێرشە تیرۆریستیە بەڕێزیان گوتى هەموان بە توندى ئیدانەى ئەو هێرشەیان کردو لەسەر ئاستى هەرێمى و عەربى و جیهانیش زۆربەى وڵاتان هاتنە سەر هێڵ و بە توندى ئیدانەى ئەو کارەیان کرد

بەڕێزیان پوختەیەکى لەسەر بارودۆخى ئێستاى شنگال و مەترسیەکانى چەند گروپێکى چەکدارى بۆ تێکدانى ئاسایشى هەرێم و ئەو هەڕەشانەى لە کوردانى ناوچەکانى دەرەوەى سنوورى ئیدارەى هەرێم دەکرێ خستەڕوو. لەم رووەوە گوتى لە هەمووکات زیاتر پێویستیمان بە تەبایی و یەکڕیزى هەیەو خۆشحاڵیش بوو کە لە کاتى رووداوەکە سەرجەم پارتە سیاسیەکانى هەرێم هاودەنگ بوون بۆ ئیدانە کردنى ئەم تاوانەو پاراستنى سەقامگیرى هەرێمى کوردستان.

دواتر بەڕێزیان باسى لە سیاسەتى حکومەتى هەرێم کردبۆ فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ دونیاى دەرەوە ئەویش بە هاندانى ولاتان بۆ کردنەوەى نوێنەرایەتى لە هەرێم و کردنەوەى چەند نوێنەرایەتییەک لە دەرەوە بە پێى گرینگى و بایەخ و سوودو بەرژەوەندى هەردوولا، بەڕەچاوکردنى بارودۆخى دارایی هەرێم.

پاشان ئەندامانى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانى کوردستان چەندین پرسیارو سەرنجیان ئاراستەى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەو جێگرى بەرپرس کردو ئەوانیش وەڵامى تەواوى پرسیارو سەرنج و تێبینیەکانیان دایەوە.