جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشوازى لە قایمقامى چەمچەماڵ کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق(GOV.KRD)ئەمرۆ 14ی کانونی دووەم(یەنایەر)2021 دابان شەدەڵە جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشوازى لە ڕەمەک ڕەمەزان قایمقامى قەزاى چەمچەماڵ و وەفدێى هاوڕێى کرد.
لەمیانەى دیدارێکدا، وەفدى میوان پیرۆزباییان لە دابان شەدەڵە کرد، کە وەک جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە دەستبەکار بووە و هیواى سەرکەوتنیان بۆ خواست، هاوکات هیوایان خواست کە هەماهەنگ و هاوکاربن بۆ دروست کردنى هەماهەنگى لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە لەهەرێمى کوردستان کار دەکەن، بە ئامانجى ناساندنى قەزاکەیان لەڕوى قوربانیدان و پێشکەش کردنى خزمەتگوزارى و هاوکارى نێودەوڵەتى.
لەلایەن خۆشیەوە دابان شەدەڵە جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە ئامادەیى هەماهەنگى و هاوکارى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستانى بۆ وەفدى میوان دووپات کردەوە لەسەرجەم ڕووەکانەوە وە پێیڕاگەیاندن کە قەزاى چەمچەماڵ بەپێى قەبارەى قوربانییەکانى پێویستە خزمەت بکرێت .