جێگری بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی کۆبۆوە
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ، دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانى پارێزگاى سلێمانى کرد و لەلایەن د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگا پێشوازی لێکرا.
لە دیدارێکدا، بە بایەخەوە گفتوگۆ لەبارەى پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بەرنامەو پلانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتە خۆجێیەکان کرا، لەو چوارچێوەیەشدا، جێگری بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، جەختى کردەوە کە شارى سلێمانى شارى کلتورى و رۆشنبیرییە و، کار بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکان، لە سەرجەم بوارەکان دەکەن.
لەلایەن خۆشیەوە پارێزگاری سلێمانی باسى لە هەوڵ و کارەکانى پارێزگاکە کرد بۆ ئەوەى زیاتر ئەو شارە لەسەرجەم ڕووەکانەوە بەجیهانى دەرەوە بناسێنن، بۆ ئەوەش بوونە ئەندامى پارێزگاى سلێمانى لەچەند پرۆگرام و بەرنامەیەکى یەکێتى ئەوروپى بۆ دۆزینەوەى تواناى جێگرەوە و خوێندنى باڵا و کۆمەکى ئاوارەکان ڕوون کردەوە.