جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە، پێشوازی لە وەفدێکى بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕاپەڕین کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عیراق( GOV.KRG )-
ئەمڕۆ سێ شەممە، 12/1/2021، (دابان شەدەڵە)، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە، پێشوازی لە (د.دیار ئیبراهیم) بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى ڕاپەڕین لە وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەفدێکى یاوەرى کرد.
لەدیدارێکدا، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە، جەختى لە هەماهەنگى و هاوکاریەکانى فەرمانگە بۆ کەرتى تەندروستى کردەوە و بە وەفدى میوانى ڕاگەیاند هەوڵەکانیان بۆ پێشخستنى کەرتى تەندروستى بەتایبەت ئەنجامدانى پڕۆژەى ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و نوێنەر و کونسوڵى وڵاتان چڕ دەکەنەوە، ئامادەیى هەموو هەماهەنگی و هاوکاریەکیشى بۆ کەرتى تەندروستى دوپات کردەوە، بە ئاراستەى پێشکەش کردنى خزمەتگوزارى تەندروستى زیاتر بە هاوڵاتیان هەرێمى کوردستان.
لەلایەن خۆشیەوە بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى ڕاپەڕین، تیشکى خستەسەر بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆڕۆنا لەجیهان و سەرهەڵدانى نەوەى نوێى ئەو ڤایرۆسە، هاوکات داواى کرد کە فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە هاوکار و هەماهەنگیان بن بەمەبەستى هێنانى پڕۆژەکانى ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بۆ دەڤەرى ڕاپەڕین. وەفدى بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕاپەڕین داوایان کرد کە فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە کار بکات کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لەنەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانى ئەو سنورە خولى بەهێزکردنى تواناى کارگێڕى و زانستى تەندروستى بۆ فەرمانبەرانیان بکەنەوە.