Skip to the content

گۆڤاری فۆکەسی ئەڵمانی داوای لێبوردن لە دڵشاد بارزانی نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کودستان لە ئەڵمانیا دەکات

لە نوێترین ژمارەیدا گۆڤاری فۆکۆسی ئەڵمانی، سەبارەت بە بابەتێکی کە تێیدا هێرشکراوەتە سەر دڵشاد بارزانی و ماڵباتی بارزانی و تۆمەتبارکراون بە تێوەگلان لە ژمارەیەک رووداوی هاتوچۆی گوماناوی لە عێراق و ئەڵمانیا، داوای لێبوردن دەکات و بابەتەکە دەکشێنێتەوە.

گۆڤاری 'فۆکەس'ی ئەڵمانی لە لاپەرە 37 و لە ژمارەی 2ی ساڵی 2021ی رۆژی 09-01-2021، لەژێر ناونیشانی "راپۆرتی فۆکەس بۆچوونێکی هەڵە دروستدەکات" باس لە راپۆرتێکی ساڵی رابردوو دەکات و دەڵێت "لە چاپی مانگى یەکی ساڵی 2020ی فۆکەس لە لاپەڕەکانی 38 و 39 راپۆرتێکی بە ناونیشانی (هاوڕێی مەترسیدار) بڵاوکردەوە.

ئەو گۆڤارە لە روونکردنەوەکەدا دەڵێت "لە راپۆرتەکەدا نووسیومانە، دژبەرانی بنەماڵەی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەترسیدا دەژین و لەم چوارچێوەیەدا باس لە دوو رووداوی ئاشکرانەکراوی ئۆتۆمبێل دەکات کە لە یەکێکیاندا دادوەرێکی لێکۆڵینەوەی تۆمەتبارکردن بە گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە گیانی لەدەستداوە و کارمەندێکی هەواڵگریی عێراق لە ئەڵمانیا برینداربووە".

بەهۆی ئەو راپۆرتەی کە بڵاوکرایەوە بەشێک لە کوردانی ئەڵمانیا بە رێگەی جیاوازی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن ناڕازایەتی خۆیان گەیاندووەتە بەڕێوەبەرانی گۆڤارەکە و تەنانەت واژۆش بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو راپۆرتە کۆکرابوووەوە.

لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەی گۆڤاری 'فۆکەس' هاتووە "بەم راپۆرتە بە ئاسانی بۆچوونێکی هەڵە دروستکراوە لە دژی دڵشاد بارزانی بەهۆی گەندەڵی و سپیرکردنەوەی پارە و تۆمەتی دیکە لێکۆڵینەوە دەکرێت، ئەویش گوایە هەوڵیداوە لێکۆڵەرە نەخوازراوەکان و کەسانی ئۆپۆزیسیۆن لەڕێگەی خۆی دووربکات و، بەهۆی پەیوەندی باشی بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ دەزگاکانی ئاسایش، رێڕەوی لێکۆڵینەوەکانی دواخستووە یاخود ئەستەمکردووە". هەروەها گۆڤارەکە دەشڵێت " فۆکەس دوو فەرمانی دادگای ئیداریی بەرلینی قبووڵکردووە و راپۆرتەکەشی سڕیوەتەوە کە لەبەر دووبارەکردنەوەی زانیاریی راپۆرتەکەی قەدەخەکردووە".

لە کۆتاییدا فۆکەس باس لە دیدارێکی سەرنووسەری گۆڤارەکە لەگەڵ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، کە بە فەرمی داوای لێبووردنی لێکردووە و دەڵێت "لە دەرەوەی ئەڵمانیاش دەست بۆ راپۆرتی فۆکەس براوە بۆ ئەوەی زیان بە بنەماڵەی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان و تەواوی حکومەت بگەیێندرێت."

فۆکەس بۆ تەواوی پرۆسەکە "داوای لێبووردن دەخوازێت و پاشگەزبوونەوەی خۆی لە راپۆرتەکە رادەگەیێنێت، بە تایبەتیش دڵشاد بارزانی دۆستانە و بە متمانەی زۆرەوە لەگەڵ فەرمانگەکانی حکومەتی ئەڵمانیا هەماهەنگی دەکات و بنەماڵەکەی گەرەنتی سەقامگیریی و ئاشتی پێکەوەژیانی کوردی ئەڵمانییە، هەروەها بۆ هەرێمی کوردستانی عێراقیش بە هەمان شێوە."

راپۆرتەکەی ساڵی رابردووی فۆکەس، پشتی بە زانیاریی چەند کەسێکی کوردێکى هەرێمى کوردستان نیشتەجێی ئەڵمانیا بەستبوو کە "دژبەری سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن" دوای نزیکەى ساڵێک فۆکەس دەڵێت: هەڵەیان کردووە لە بڵاوکردنەوەى ئەم راپۆرتە.