بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت بەشدارى لە ڕێوڕەسمى کۆتایی هاتنى پڕۆگرامى پەرەپێدانى دادوەرى کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنج شەممە 2021/3/11 لە هۆتێل ڕۆتانا، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە، بەشدارى لە ڕێوڕەسمى کۆتایی هاتنى پڕۆگرامى پەرەپێدانى دادوەرى کرد کە لەلایەن ڕێکخراوى AXIOM Internationsl ى بەریتانى و بە هاوکارى وەزارەتى دەرەوەى بەریتانیا بۆ چەند دادوەرێکى هەرێمى کوردستان ڕێکخرابوو.
لە ووتارێکدا سەفین دزەیی وێڕاى دەست خۆشى لە حکومەتى بەریتانیا و کونسوڵگەرى گشتى بەریتانیا لە هەولێر بۆ پێشکەش کردنى ئەم جۆرە خولانە بۆ دادوەرانى هەرێمى کوردستان، هاوکات باسی لە گرنگى سەروەرى یاسا کرد و ئاماژەى بەوەدا کەوا ئەم جۆرە خولانە دەبێتە وەرگرتنى زانیارى زیاتر و پەرەپێدانى ئاستى تواناى دادوەرە بەڕێزەکان بۆ کارى دادوەرى و ڕێز گرتنى زیاتر لە یاسا.
هاوکات داواى کرد خولى زیاتر لە بوارەکانى دیکە بکرێتەوە بۆ بەرەوپێش بردنى ئاستى بینا کردنى تواناکان.
هەر لە میانى ڕێوڕەسمەکەدا ووتارى هەریەکە لە ئەنجومەنى دادوەرى و کونسوڵگەرى گشتى بەریتانیا لە هەولێر خوێندرایەوە.